ڤیدیۆ؛ ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ یەکەمجار دێربیی مەدریدی لە یاریگە نوێیەکەیدا بردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ یەکەمجار لەنێو یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ، لە ریال مەدریدی بردەوە و هەنگاوێکی دیکە لە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو نزیکبوو.
 
لە یاریی دێربیی مەدریددا هەردوو یانە رووبەڕووی یەکبوونەوە، ئاتلێتیکۆ مەدرید بەهەموو هێزەوە و ریال مەدریدیش بەپێکهاتەی یەدەگەوە چووە نێو یاریگە، بەتایبەت کە پێشتر نازناوی خولەکەی یەکلاکردووەتەوە.
 
رۆخی بلانکۆس سوودی لە یاریی نەکردنی ئەستێرەکانی یانەی شاهانە وەرگرت، هەر زوو گوشارەکانی بۆ سەر گۆڵی یانەکە دەستپێکرد و لە خولەکی 35 لێدانێکی سزای بۆ هەژماکرا.
 
یانیک کاراسکۆ سەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد و گۆڵی یەکەمی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد، کە ئەمە دووەم گۆڵی یاریزانەکەیە بەرامبەر ریال مەدرید.
 
لە خولەکی کۆتایی نیوەی یەکەمدا ریال مەدرید نزیکبوو ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، بەڵام یان ئۆبلاک رێگریی لە لوکا یۆڤیچ کرد.
 
لەنیوەی دووەمدا هەوڵەکانی هەردوولا بۆ تۆمارکردنی گۆڵ بەردەوامبوون، ریال مەدرید دوای چەند گۆڕانکارییەک نزیکبوو ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، بەڵام هیچ یەکێک لە هەردوو یانە سەرکەوتوو نەبوون و یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید کۆتاییهات.
 
دوای ئەنجامدانی 5 یاری لە یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ بەرامبەر ریال مەدرید ئەمە یەکەمجارە، ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یانەی شاهانە دەباتەوە، لەکاتێکدا پێشتر یارییەکی دۆڕاندبوو و 3 جار یەکسانبووبوون.
 
بەبردنەوەی یارییەکە ئاتلێتیکۆ مەدرید لە پلەی چوارەمی ریزبەندی لالیگا بووە خاوەنی 64 خاڵ و هەنگاوێکی گرنگ لە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ نزیکبووەوە، ریال مەدرید پاڵەوانی خولەکەیە و ژمارەی خاڵەکانی لە 81 خاڵ وەستا.