هاری کەین ئارامی نەماوە

رووداو دیجیتال

هاری کەین، هێرشبەری یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی، ئارامی نەماوە و دەیەوێت بچێتە ریزەکانی یانەیەکی دیکە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا نازناوەکان بباتەوە.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە بەریتانیا، باس لەوە دەکەن کە کەین زۆر بێزارە لەو بارودۆخەی لەگەڵ تۆتێنهامدا پێیدا تێپەڕدەبێت و دەیەوێت دانیال لیڤی خاوەنی یانەکەی لەوە ئاگادار بکاتەوە کە پێویستی بایەخ بەو دەستەوارانە بدات کە بەمەبەستی گرێبەستکردن لەگەڵیدا پێشکەشی یانەکە دەکرێن.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، زۆر لە یانە گەورەکانی ئەوروپا چاویان بڕیوەتە تواناکانی کەین، تەنانەت یانەی مانچێستەر یونایتد خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی دەستەوارەیەک بە بڕی 90 ملیۆن پاوەند پێشکەشی یاریزانەکە بکات.

پێشتر یاریزانی تەمەن 27 ساڵ، ئاماژەی بەوە داوە که ئەگەری رۆیشتنی لەم هاوینەدا لە تۆتێنهام لەئارادایە ئەگەر یانەکە لە کۆتایی وەرزدا بلیتێکی چامپیۆنزلیگ بەدەستنەهێنێت، کە بێگومان دوای ئەوەی دوێنێ 1 - 3 بەرامبەر لیدز یونایتد دۆڕا، ئێستا ئەو ئامانجەی ناهێتەدی، چونکە یانەکە بە کۆکردنەوەی 56 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندیی پرێمەرلیگدایە و تەنیا 3 یاری ماوە.

بە گوتەی هەندێک لە سەرچاوەکان، کەین بۆ جێهێشتنی ریزەکانی تۆتێنهام هیچ داواکارییەکی فەرمی پێشکەشی ئەو یانەیە ناکات، بەڵام بەشێوەیەکی کەسیی قسە لەگەڵ سەرۆکی تۆتێنهامەوە دەکات و داوایلێدەکات بیر لە رۆیشتنی بکەنەوە و رێگەی پێبدەن بچێتە شوێنێکی گونجاو.

لەگەڵ ئەوەی کە مانچێستەر یونایتد ئامادەیە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کەین 90 ملیۆن پاوەند پێشکەشی تۆتێنهام بکات، لیڤی نرخی هێرشبەری یانەکەی بە دوو ئەوەندە هەڵدەسەنگێنێت، کە بێگومان بەهۆی ئەو دۆخە داراییە خراپەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەپاندوویەتی، زۆر زەحمەتە یانەیەک بتوانێت ئەو پارە بە کەین بدات .

سەرەڕای ئەوەی تۆتێنهام لە دۆخێکی باشدا نییە و خۆیشی چەند یارییەک بەهۆی پێکانەوە ئامادە نەبووە، هاری کەین تاوەکو ئێستا بە تۆمارکردنی 21 گۆڵ باشترین گۆڵکاری ئەم وەرزەی پرێمەرلیگە، کە بە جیاوازی گۆڵێک لەپێش محەممەد سەڵاحی هێرشبەری میسری یانەی لیڤەرپوولە. هیۆنگ مین سۆنی هاوڕێی کەینیش بە تۆمارکردنی 17 گۆڵ سێیەم باشترین گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولەکەیە.