رووداو دیجیتاڵ
لامین یامال، ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنای ئیسپانی، وەڵامی ئەو مشتومڕەی داوەتەوە کە بۆچی لە دوایین دە خولەکی یارییەکاندا وەک پێویست راناکات و خۆی ماندوو ناکات. ئەو دووپاتیکردووەتەوە خەون بەسیانەی مێژووییەوە دەبینێت لەگەڵ یانەکەی.
لامین هاوکاری بارسابووە بۆ ئەوەی لە ریزبەندی لالیگادا پلەی یەکەم بەکۆکردنەوەی 67 خاڵ بگرێت بەجیاوازیی چوار خاڵ لە پێش ریال مەدریدی دووەمی ریزبەندی خولەکە.
یانەکە هەروەها لە چامپیۆنزلیگ لە قۆناخی هەشتە و ئەمشەو بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی یارییدەکات و لە جامی شای ئیسپانیاش لە یاریی کۆتاییە.
لامین وەڵامی میدیای ئیسپانیای داوەتەوە لەبارەی چیرۆکی رانەکردنی لە دوایین دە خولەکەکانی یارییەکاندا، ئەو دەڵێ، یەکێک لەو شتانەی ئەمساڵ فێریانبووم، ئەوەیە کە چۆن خۆم بەڕێوەببەم.
هەروەها دەڵێ، "خەڵک زۆرجار هەمان پرسیارم لێدەکەن، بۆچی لە دوایین دە خولەکی یارییەکاندا وەک پێویست راناکەم و خۆم ماندوو ناکەم، پێموایە هەندێک کات هەیە کە پێویست ناکات لە یارییەکاندا خۆت زۆر ماندوو بکەیت و رابکەیت".
روونیدەکاتەوە، "دەبێ بزانی چۆن خۆت بەڕێوەدەبەیت لە کاتی یارییەکاندا و بەدرێژایی وەرزەکە، هەروەها دەبێ بزانت پێویستە چی بکەیت و پێویستە چی نەکەیت لەکاتی مەشقەکاندا. من ئەو شتە فێربووم و راستییەکە ئەوەیە کە هەست بەدۆخێکی زۆر باش دەکەم لەم قۆناخەی وەرزەکەدا".
لەبارەی خەونی بەدەستهێنانی سیانەی مێژووییەوە، لامین دەڵێ، "متمانەم بەتیپەکەم هەیە لەسەرەتای وەرزەوە، هەموو هەوڵی خۆم دەدەم، ئەگەر بڕوامان پێی هەبێت، دەتوانین هەرسێ نازناوەکە ببەینەوە".
زیاتر دەڵی، "دەبێ متمانەت بەتواناکانت هەبێت، لەبەرئەوەی ئەگەر بڵێی تیپێکی دیکە دەیباتەوە، ئەوکات ئیدی چی پێویستت بەوە هەیە بچیتە یاریگەوە؟ بەڵێ ئێمە توانای بردنەوەی هەرسێ نازناومان هەیە، چونکە ئێمە بارسێلۆناین و پێشتر ئەو دەستکەوتەمان بەدەستهێناوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ