دیکلان رایس نهێنی تۆمارکردنی دوو گۆڵەکەی بەرامبەر ریال مەدرید ئاشکرا کرد

09-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دیکلان رایس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دیکلان رایس، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ئارسیناڵ وردەکارییەکانی تۆمارکردنی دوو گۆڵ بەرامبەر ریال مەدرید ئاشکرا دەکات و دەڵێت "کە کۆرتوام بینی بڕیارمدا بیرکردنەوەم بگۆڕم."
 
دیکلان رایس، ئەستێرەی یاریی نێوان هەردوو یانەی ئارسیناڵ و ریال مەدرید بوو، کاتێک دوو گۆڵی بەلێدانی راستەوخۆ بەرامبەر یانە ئیسپانییەکە تۆمارکرد و رۆڵی گەورەی بینی لە بردنەوەی ئارسیناڵ لە یارییەکەدا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر.
 
دوای یارییەکە رایس لەبارەی ئەو دوو لێدانە راستەوخۆیە گوتی "دیکلان دەڵێت "پێشتر تۆپەکان بەر دیوار دەکەوتن یان بەسەر ستووندا تێدەپەڕین، سەرەتا بڕیاربوو بە تۆپی درێژ یاری بکەین، بەڵام کە دیوارەکە و کۆرتوام بینی بڕیارمدا بیرکردنەوەم بگۆڕم و بڕیارمدا تۆپەکە ئاراستەی گۆڵ بکەم، بەر لەوەی لێدانەکە جێبەجێ بکەم، ساکا هاتە لام و پێیگوتم دەتوانیت گۆڵ بکەیت."
 
ئەستێرەی یارییەکە زیاتر گوتی "لە لێدانی دووەمدا متمانەم بەخۆم هەبوو و بە متمانەوە وەرمگرت، پەرۆش و دڵخۆشم، بەڵام چەند ساڵێکی تر بەڕاستی تێدەگەم ئەوەی ئەمشەو کردوومە تایبەت بووە."
 
دیکلان بە تۆمارکردنی ئەو دوو گۆڵە بەرامبەر ریال مەدرید مێژووییەکی گەورەی تۆمارکرد، بووە یەکەم یاریزان لە مێژوودا لە 12 خولەکدا دوو گۆڵ بەلێدانی راستەوخۆ تۆماربکات، یەکەم یاریزانە لە یارییەکدا بەرامبەر ریال مەدرید دوو گۆڵ تۆمار دەکات و یەکەم یاریزانی ئارسیناڵە لە دوای ساڵی 2021ـەوە بەلێدانی راستەوخۆ گۆڵ تۆماربکات.
 
ئەستێرە ئینگلیزییەکە چووە ریزی یاریزانە گەورەکان و بەر لەو یاریزانە، تەنیا ریڤاڵدۆ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، نەیمار و حەکیم زیاش لە یارییەکی چامپیۆنزلیگدا دوو گۆڵیان بە لێدانی راستەوخۆ تۆمارکردووە.
 
جگە لەوەش یەکەمجارە دیکلان رایس، لە یارییەکدا بەلێدانی راستەوخۆ گۆڵ تۆماربکات.
 
لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا، یانەی ئارسیناڵ لە یاریگەی خۆیدا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە ریال مەدریدی بردەوە، یاریی گەڕانەوە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە