کریستیانۆ رۆناڵدۆ تا دێت سعودییەکان زیاتر تووڕە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

محەممەد ئەلشێخ، گوتەبێژی فەرمی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، هێرشێکی تووندی کردە سەر کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، کاپتنی یانەی نەسڕ و گوتی "مایەی بەزەیی پێداهاتنەوەیە".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو یارییەدا راستەوخۆ بە کارتی سوور دەرکرا، کە تیپەکەی لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەردا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بە یانەی هیلالی رکابەرەکەی دۆڕا، دوای ئەوەی لەگەڵ عەلی بلێهی، بەرگریکاری یانەی هیلال بەگژیەکداچوون و لە ئەنجامدا کریس بە کارتی سوور دەرکرا.
 
شێخ لە رێگەی ئەکاونتی تایبەتی خۆیەوە لەسەر پلاتفۆرمی “X” نووسیویەتی "بەداخەوە کە بارودۆخی دۆن گەیشتووەتە ئەم ئاستە، تا راددەی بەزەیی پێداهاتنەوە. خراپی و خراپی دیسپلین لە دیمەنێکدا کە شایانی ئەستێرەکان نییە".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، گوتەبێژی فەرمی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، گوتی "ئەوەی روویدا، بێڕێزی بوو لە رۆناڵدۆوە بەرامبەر هاندەرانی نەسڕ، کە ئەوان بە پەرۆشەوە چوونەتە ئەبوزەبی بۆ بینینی پاڵەوانێتییەکە، یان ئەوانەی کە هیوای بەدەستهێنانی جامی سوپەریان ماوە دوای ئەوەی لە خولەکە و پاڵەوانێتی ئاسیا بێبەشبوون".
 
محەممەد ئەلشێخ، لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت "بەردەوامبوونی رۆناڵدۆ لە وەرزی داهاتوودا پێویستی بە دووبارە پێداچوونەوە هەیە".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ چەندجارێک لە خولی سعودیەدا هەڵسوکەوتی نابەجێی کردووە، بەتایبەتیش بەرامبەر هاندەرانی یانەی هیلال و بەو هۆیەوە سزا دراوە، تەنانەت هەندێک لە سعودییەکان داوایان دەکرد کریستیانۆ لە وڵاتەکەیان دەربکرێت.
 
یانەی هیلال پێنجشەممەی داهاتوو بەرامبەر یانەی ئیتیحادی پاڵەوانی بەرگریکار، یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودیە ئەنجام دەدات، لە شەشەمین رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی ئەم وەرزەدا، کە هیلال لە پێنج یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە (لە خولی سعودیە، چامپیۆنزلیگی ئاسیا و پاڵەوانێتی یانە عەرەبییەکان).