سعودییەکان واز لە محەممەد سەڵاح ناهێنن

رووداو دیجیتاڵ

 

سعودییەکان واز لە محەممەد سەڵاح ناهێنن و سوورن لەسەر ئەوەی ئەو یاریزانە میسرییە ببەنە خولی رۆشن. بۆ ئەو مەبەستەش دەستەوارەیەکی نوێ پێشکێشی دەکەن.
 
میدیاکانی بەریتانیا، باس لەوە دەکەن کە یانەی ئیتیحاد جددە دەستەوارەیەکی نوێ ئامادە دەکات بۆ گواستنەوەی محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی گۆڵی جیهانی، یانەی ئیتیحاد دەستەوارەیەکی نوێ ئامادە دەکات بە بڕی 70 ملیۆن پاوەند، بۆ ئەوەی رێدز رازی بکات دەستبەرداری سەڵاح ببێت و گرێبەست لەگەڵ یاریزانەکە بکات لە مێرکاتۆی داهاتوودا.
 
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ماوەی گرێبەستەکەی سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوول لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت، ئەمەش لەوانەیە وا لە یانە ئینگلیزییەکە بکات بیر لەوە بکاتەوە کە لە رووی داراییەوە سوودمەندبێت لە فرۆشتنی ئەستێرە میسرییەکە بەرلەوەی دوای ساڵێک بەبێ بەرامبەر لە یانەکە بڕوات.
 
هاوینی رابردووش سەڵاح ئامانجێکی سەرەکی یانەی ئیتیحاد بوو، کە بەپێی میدیاکان یانە سعودییەکە دەستەوارەیەکی بە بەهای نزیکەی 200 ملیۆن پاوەند پێشکێش بە لیڤەرپوول کردبوو، بەڵام لیڤەرپوول پێداگری لەسەر مانەوەی ئەستێرە میسرییەکەی کرد.
 
گۆڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوینی داهاتوو سەڵاح تاکە ئامانجی خولی نایابی سعودیە نییە، بەڵکو خواستێکیش هەیە کیڤن دی برۆینی یاریزانی مانچێستەر سیتی و کاسیمیرۆ و رافایێل ڤاران لە مانچێستەر یونایتد ببرێنە خولی رۆشن.