شوێنگرەوەی کڵۆپ لە لیڤەرپوول دەستنیشاندەکرێت

09-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەریتانیا، ناوی بەربژێرێک بۆ جێگرتنەوەی یۆرگن کڵۆپ، بۆ راهێنەرایەتیکردنی یانەی لیڤەرپوول ئاشکرا دەکەن.
 
یۆرگن کڵۆپ، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە یانەی لیڤەرپوول دەڕوات، پێشتر ئەوەی راگەیاندووە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی لیڤەرپوول پەیوەندیی بە رۆبن ئامۆریم، راهێنەری لاوی یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پۆرتوگالییەوە کردووە، بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا لە شوێنی کڵۆپ ببێتە راهێنەری یانەکە.
 
بەپێی زانیارییەکان، هەردوولا رێککەوتنێکی سەرەتاییانکردووە، گرێبەستەکە بۆ ماوەی 3 وەرز دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا راهێنەرەکە رێککەوتنی لەگەڵ سپۆرتینگ نەکردووە، بۆ ئەوەی لە یانەکە بڕوات.
 
جگە لە لیڤەرپوول، یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیش بەو راهێنەرە سەرسامە و دەیەوێت لە شوێنی تۆماس تۆخێل بیکاتە راهێنەری یانەکەی.
 
رۆبن ئامۆریم تەمەنی 39 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە پۆرتوگالییەکە لە هاوینی 2026 کۆتاییدیت، بۆیە دەبێت لیڤەرپوول لەگەڵ سپۆرتینگ بگاتە رێککەوتن ئەگەر بیەوێت ئەو راهێنەرە بباتە ئانفێڵد.
 
سپۆرتینگ لیشبۆنە لەم وەرزەدا لەژێر سەرپەرشتی ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت، یانەکە لە خولی پۆرتوگالدا بە جیاوازیی 4 خاڵ لەگەڵ بێنفیکا لە پلەی یەکەمی ریزبەندە و یارییەکی کەمتریشی لە رکابەرەکانی ئەنجامداوە.


undefined
 
رۆبن ئامۆریم کێیە؟
 
رۆبن فیلیپ مارکێز ئامۆریم ناوی تەواوی راهێنەرەکەیە، ئێستا تەمەنی 39 ساڵە و لە لیشبۆنە لە دایکبووە.
 
پێشتر وەکو یاریزان لە یانەکانی بێلینێسێسی، بێنفیکا و براگای پۆرتوگالی و یانەی وەکرەی قەتەری یارییکردووە، کە زۆرینەی تەمەنی یارییکردنی لە بێنفیکا بووە لە 2008 تاوەکو 2017.
 
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی لە دوای تیپی خوار تەمەنی 18 ساڵانەوە بۆ هەموو تیپەکان یارییکردووە و لە هەڵبژاردەی یەکەمدا 14 یاریی ئەنجامداوە.
 
ساڵی 2018 ئامۆریم وەکو راهێنەر لە یانەی کاسا پیای پۆرتوگالی دەرکەوت، پاشان چووە تیپی دووەمی براگا و پاشانیش بۆ تیپی یەکەم.
 
لە ساڵی 2020ـەوە رۆبن ئامۆریم، راهێنەری یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەیە، 1496 رۆژە لەو یانەیە کاردەکات، 205 یاریی وەکو راهێنەر ئەنجامداوە، 143 یاریی بردووەتەوە، لە 31 یارییدا یەکسانبووە و 31 یاریی دۆڕاندووە، تیپەکەی نزیکە نازناوی ئەم وەرزەی خولی پۆرتوگال بباتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە