ئارسیناڵ بۆ بەردەوامی و بایرنیش بۆ هەستانەوە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە

09-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بایرن میونشن ئارسیناڵ چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئارسیناڵ لە درێژەی وەرزێکی ناوازە و پڕ لە ئومێددا، درێژە بەکاروانی خۆی لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکان دەدات و ئەو یانەیە کە ئێستا لە پێشەنگی نێوخۆی ئینگلتەرایە، لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، بەورەیەکی بەرزەوە دەردەکەوێت و چاوی لە بڕینی قۆناخێکی دیکەی پاڵەوانێتییەکەیە.
 
ئارسیناڵ وانەی زۆری لە وەرزی رابردووی ئومێدبڕی خۆی کرد، لەسەر بنەماکانی ئەو دۆخەدا کە لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا بەسەر تیپەکەدا هات و هەموو شتی لەدەستدا، ریزەکانی خۆی رێکخستنەوە و ئەزموونی لە هەموو بەرەکانی نازناوە جیاوازەکاندا کەڵەکرد، بۆ ئەوەی ئەمساڵ بەئاستێکی باشترەوە دەربکەوێت و هەر واشی کرد.
 
ئارسیناڵ لە ئاستێکی نموونەییدا دەرکەوتووە و ئەو ئاستە نموونەییە ئەمشەو بەر دەرکەوتنەوەی یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی پرێمەرلیگ لەسەر یاریگەی خۆی دەکەوێت کە ساڵانێک کێشە و سەرئێشەی بۆ ئەو تیپە دروستکردووە کە هاری کەینە. هاری کەین لە وەرزە پڕ شکستەکەی بایرندا، تاکە خاڵی درەوشاوە و جێگەی ئومێدە، دەکرێ ئەزموونی زۆری ئەو، ئەمشەو تیپەکەی میکێل ئارتێتا دووچاری سەرئێشەی زۆر بکات، ئەگەرچی پێشبینیکراوە ئارسیناڵ توانای باڵادەستبوونی بەسەر یارییەکەدا هەبێت.
 
گابریێل جیسوس، یاریزانی یانەی ئارسیناڵ، دەڵێت "هەمووان کوالیتیی هاری کەین دەبینن. بەلای منەوە ئەو یەکێکە لە باشترین کەسەکان لە کۆتایی پێهێنانی هێرشەکاندا، لەبەرئەوە رووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە یاریزانانە کارێکی مەزنە و دەمانەوێت بەدرێژایی یارییەکە، بێدەنگی بکەین. ئێمە بردنەوەمان دەوێت و دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە بایرن میونشن، لەپاڵ هاری کەیندا، ژمارەیەکی زۆری یاریزانی گەورەی هەن وەک هاوڕێم لیرۆی سانێ، جەمال موسیالا، کینگسلی کومان و تۆماس مۆلەر کە یاریزانێکی ناوازەیە، ئەمە جیا لە گنابری و چەندین یاریزانی دیکەش".
 
ئەگەر مێژووی بایرن میونشن هەمیشە گێڕانەوەی سەروەریی و دەستکەوت و بردنەوە و نازناوەکان بێت، ئەمساڵ هەموو شت لە یانەکەدا پێچەوانەیە.. چیرۆکی ئەمساڵی یانەکە، چیرۆکی شکست و دەستبەتاڵدەرچوونە. تیپەکە وەرزێکی پڕاوپڕ لە شکست و ناکۆکی هەبوو، ژوورێکی جلگۆڕینی ناتەبا و راهێنەرێک کە هەرزوو ناچاربوو رایبگەیەنێت لە کۆتایی وەرزدا لە یانەکە دەڕوات.
 
بایرن لەسەر ئاستی نێوخۆ هەموو شتی لەدەستدا و لە دوا یارییشدا کاتێک خۆی بەدەست ریمۆنتادای هایدێنهایمەوە دا، ئیدی دوایین ترووسکایی ئومێدی بۆ درێژەدان بەرکابەریی لەسەر نازناوی بۆندێسلیگا لەدەستدا.
 
لیرۆی سانێ، یاریزانی یانەی بایرن میونشن، لەبارەی رەوشی یانەکەیان دەڵێت "مشتومڕێکی زۆرمان لەبارەی شکستەکەی هایدێنهایمەوە نەبوو، بەڵام باسی لایەنە باش و خراپەکانمان لەو یارییەدا کرد و گرنگترین شت ئەو وانانەیە کە لێوەی فێربووین. بێگومان هەست بەبێئومێدییەکی گەورە دەکەین، چونکە تیپەکەمان کوالیتییەکی بەرزی هەیە و ئەوە زۆر بێزاری کردین کە شکستمان هێنا لە پێشاندانی تواناکانمان. لەبەرئەوە لێگەڕێن با ئێمە هەموو وزەی خۆمان خەرجبکەین لە چامپیۆنزلیگدا، چونکە ئەمە پاڵەوانێتییەکی جیاوازە و دەبێ ئاستێکی باشی تێدا پێشان بدەین".
 
پێناچێ ماڵە لەبەریکهەڵوەشاوەکەی بایرن میونشن، توانای بەرگەگرتنی رەشەبای هەڵکردووی باکووری لەندەنی هەبێت، بەڵام ئارسیناڵ پێویستی بەوە هەیە زوو تاڵەمووی ئومێد لەدڵی باڤارییەکاندا بپچڕێنێت و لە یارییەکەی ئەمشەودا، نیوەی رێگەکە بەرەو قۆناخی داهاتوو، ببڕێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە