چامپیۆنزلیگی ئاگرین.. ئەمشەو ریال و مان سیتی لە دۆزەخدا یاری دەکەن

09-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید مانچێستەر سیتی چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە سیناریۆیەکی دووبارەی هاوشێوەی دوو وەرزی رابردوودا، ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی مانچێستەر سیتی دەکات و دەکرێ ناونیشانی یارییەکە، لووتکەی دەستنیشانکردنی پاڵەوانی ئەمساڵی خولەکە بێت.
 
دوو وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ، لەلایەن یەکێک لەو دوو یانەیەوە کۆنترۆڵی نازناوەکەیان کراوە، کە براوەی یاریی نێوان هەردوو یانە بووبێت. دوو وەرز لەمەوپێش ریال مەدرید بەتێپەڕاندنی مانچێستەر سیتی دواتر بووە پاڵەوان و وەرزی رابردووش کاتێک سیتی، بەربەستی ریال مەدریدی بڕی، ئیدی تێکشکاندنی رکابەرەکانی دیکە بۆی ئاسانبوو.
 
ئەمساڵ هەردوو یانە بەویستی بەدەستهێنانەوەی نازناوەکەوە دەستیان بەململانێ لەسەر چامپیۆنزلیگ کردەوە. سیتی کە بەپێکهاتەیەکی نزیک لە کامڵەوە دەرکەوت و وەک بەربژێری یەکەم مایەوە بۆ بردنەوەی نازناوەکە، لە کاتێکدا ریال مەدرید لە قۆناخەکانی پێشووی پاڵەوانێتییەکەدا، وێڕای بەرزنزمی ئەنجامەکانی، پێشانیدایەوە زۆرجار ئەزموونە گەورەکە لە چامپیۆنزلیگ، بەهانایەوە دێت.
 
ئەگەرچی ئەنجامی هەردوو یاریی وەرزی رابردوو بەرامبەر مانچێستەر سیتی، یادەوەرییەکی ئازاربەخشە بۆ هاندەرانی ریال و بەجۆرێک لە ترس ماوەتەوە، بەڵام یاریزانەکانی ئەو یانەیە ئەو هەستە رەتدەکەنەوە و بەگەشبینییەوە تەماشای دۆخەکە دەکەن.
 
ئانتۆنیۆ رۆدیگێر، یاریزانی یانەی ریال مەدرید، سەبارەت بە یارییە ئاگرینەکە دەڵێت "ئەمە یارییەکی قورسە بەرامبەر سیتی، بەڵام ئێمە ریال مەدریدین، متمانەمان بەخۆمان هەیە. بە تێڕوانین لە دینامیکیەتی خۆمان، پێموایە لە دۆخێکی باشداین، هەروەها ئاوەزمان باشە. تیپەکەمان وەک یەک خێزان مامەڵە دەکات و ئەمە ئەو شتەیە کە دەبێ لە یاریگەشدا پێشانی بداین، من دڵنیام لەوەی دەتوانین ئەو هەستە پێشان بدەین".
 
دووبارەبوونەوەی سیناریۆی بەریەککەوتنی هەردوو یانە، وایکردووە ئەزموونی زیاتر لەبارەی یەکدییەوە کۆبکەنەوە و زیاتر شارەزای خاڵە بەهێز و لاوازەکانی یەکتری ببن. زۆرینەی بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەن کە ریال مەدرید دەتوانێت لە یارییەکەی ئەمشەودا بەپشتگیری هاندەرەکانی، ئازار بە مانچێستەر سیتی بگەیەنێت، بەڵام بردنەوەی یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگ لە مێژووی خۆیدا لە وەرزی رابردوو، تیپەکەی پێپ گواردیۆلای ئەزمووندارترکردووە بۆ مامەڵە لەگەڵ دۆخە جیاوازەکاندا.
 
رۆدری، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی، لە بارەی یارییەکەوە دەڵێت "پێموایە ئێمە لە کاتی یەکەم سەردانمان بۆ ئێرە و بوونە میوانی ریال مەدرید لەسەر یاریگەی بێرنابیۆ، زیاتر پێگەیشتووین و ئەوەش متمانەیەکی گەورەمان دەداتێ، بەڵام نابێ متمانەکەمان زێدەڕۆیی تێدا بێت. ئێمە پێویستمان بەپێشاندانی باشترین ئاستی خۆمان هەیە ئەگەر بمانەوێت رکابەریی ئەو تیپە بکەین، چونکە ئەوان هەموو کات بەربژێرن بۆ بردنەوەی ئەم پاڵەوانێتییە، بەڵام ئێمەش باش دەیانناسین و دەبێ بەرامبەریان بجەنگین".
 
ئەگەرچی یارییەکەی ئەمشەو لەسەداسەد، یانەی سەرکەوتوو بۆ قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ یەکلاناکاتەوە، بەڵام براوە تێیدا، تاڕادەیەکی زۆر دەتوانێت رووناکی بۆ گەیشتن بەقۆناخی داهاتوو، بەرێگەکەی خۆی ببەخشێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە