پاریس سانجێرمان دەیەوێت خەونە گەورەکەی بارسێلۆنا لەنێوببات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەیەوێت هەرچی زووە خەونی یانەی بارسێلۆنا لەنێوببات و لە پرسی نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسیدا نایەوێت خۆی بەدەستەوە بدات.
 
گرێبەستی لیۆنێل مێسی، لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە هاوینی داهاتوودا و بەدیاریکراوی لە 30-6 کۆتاییدێت، تاوەکو ئێستا داهاتووی یاریزانەکە لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە بەتەواوی دیار نییە.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، یانەی پاریس سانجێرمان لە پرسی نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسیدا خۆی بەدەستەوە نەداوە و دەستەوارەیەکی نوێ بۆ رازیکردنی ئەو یاریزانە بە مانەوە لە یانەکە پێشکێشی لیۆ دەکات.
 
پاریس سانجێرمان باش دەزانێت کە مێسی دەیەوێت بگەڕێتەوە بارسێلۆنا، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا هاندەرانی پاریس سانجێرمان چەندجارێک فیکەی لە دژی یاریزانەکە لێدا و یانەکەش لە چامپیۆنزلیگدا نەیتوانی هیچ بکات.
 
بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی پاریس سانجێرمان، یانە فەرەنسییەکە دەیەوێت مێسی بمێنێتەوە، بەڵام لیۆ داوای گۆڕانکاریی لە تیپەکەدا کردووە بۆ ئەوەی رازی بێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، یانە فەرەنسییەکەش دەیەوێت هەنگاوەکانی خێراتربکات بۆ ئەوەی مێسی لەدەست نەدات.
 
رۆژنامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کیلیان ئێمباپێ بەهیوایە مێسی لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت، بەتایبەت کە هەردوو یاریزانەکە رێزێکی زۆر لە یەکدی دەگرن و پەیوەندییەکی باشیان بەیەکەوە هەیە.
 
لویس کامپۆس، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی پاریس سانجێرمان دەیەوێت بۆ وەرزی نوێ تیپێکی بەهێز ئامادەبکات، بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی هەموو نازناوەکان بکەن، کە ئەمە پلانی لە مێژینەی یانە فەرەنسییەکەیە، بەتایبەت رکابەریکردن بۆ بردنەوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
 
ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان دەیەوێت خۆی سەرکردایەتی گفتوگۆکان بکات بۆ ئەوەی مێسی رازی بکات گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان چەند رۆژێک لەمەوبەر رایانگەیاندبوو، یانەی بارسێلۆنا هەنگاوەکانی بۆ گەڕاندنەوەی لیۆنێل مێسی دەستپێکردووە و دەیەوێت ئەو یاریزانە بگەڕێتەوە کامپ نو، هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە لە دوایین یاریی کلاسیکۆدا لە خولەکی 10 بەیەک دەنگ هاواریان دەنگ مێسی مێسی، بەمەش دەنگۆی گەڕانەوەی مێسی بۆ یانەکە زۆر زیاتری کرد، بەڵام پێویستە هەرچی زووە کارگێڕیی بارسێلۆنا بارودۆخی ئابووریی یانەکەی باشتر بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت جارێکی دیکە هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەستێرە ئەرجەنتییەکە بدات.
 
مێسی لە دوایین یاریی پاریس سانجێرماندا بەرامبەر یانەی نیس گۆڵێکی تۆمارکرد و گۆڵێکی دروستکرد، بەمەش لیۆ ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزەی خولی فەرەنسادا گەیاندە 14 گۆڵ و 5 گۆڵ لە گۆڵکاری یەکەمی خولەکەوە کردووە.