رووداو هەولێر
لە گەڕی 23ـی خولی نایابی تۆپی پێی عێراق، یانەی هەولێر دوور لە یاریگە و هاندەرانی یاری لەگەڵ یانەی حدوود دەکات.
یارییەکە کاژێر 15:30 خولەک لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی شەعب لە شاری بەغدا بەڕێوەدەچێت، یانەی هەولێر دوای هاتنی عەباس عوبێدی راهێنەر ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و هەرسێ یاری کە ئەم راهێنەرە سەرپەرشتی تیپەکەی کردووە، درێس زەردەکان سەرکەوتنیان تۆمارکردووە.
هەولێر دوو رۆژە گەشتی شاری بەغدای کردووە، لەم یارییەدا هەریەک لە یاریزانان ئەحمەد سەرتیپ، ئەحمەد ئیبراهیم، ئەیمەن تەڕابلوسی، زەید جەمال لەگەڵ مەحموود خەلیل بەهۆی پێکان ناتوانن یاوەری تیپەکە بن، عەباس عوبێدی راهێنەریش بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور تەنیا بۆی هەیە لەسەر پەیژەکانی یاریگە رێنمای یاریزانان بکات، واتا دوور دەبێت لە تیپەکە.
حوسام فەوزی، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "هەموو یارییەک نەئاسانە و نەقورسە دەتوانین بڵێین ئەوە بەدەست خۆمانە دەتوانین یارییەکی زۆر باش بکەین سەرکەوین لە هەمانکاتدا دەتوانین خراپترین ئاست پیشان بدەین، تیپەکەمان لە دۆخێکی زۆر باش ئامادەیە و رۆژ لە دوای رۆژ ریتمی بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت".
یاریی یانەی هەولێر و یانەی حدوود لوتکەی رکابەری ئەم گەڕەی خولی نایابی عێراقە، بەهۆی نزیکی ئاستی هەر دوو تیپ لە یەکدی، یانەی هەولێر لە 3 یاری رابردوودا 9 خاڵی وەرگرتووە، لە بەرامبەردا یانەی حدود لە 3 یاری رابردوویدا 7 خاڵی وەرگرتووە.
فەوزی زیاتر روونیکردەوە "هیوامان وایە لە یاریی حدوود تیپەکەمان لەسەر بردنەوەکانی بەردەوامبێت و چوارەم بردنەوەی لەسەر یەکدی تۆمار بکەین، یانەی حدوود بەهێزە و ئاستی لە ئێمە نزیکە، بەڵام ترسمان لە هیچ تیپێک نییە و چاوەڕێی ئەوە دەکەین هەندێک یاریزانمان بەهۆی ماندووبوونیان لەم یارییە وەک پێویست نەبن ئەمە شتێکی ئاساییە، مەحموود خەلیل و ئەحمەد ئیبراهیمیش لەم یارییەدا ناتوانن یاری بکەن ".
عەلی شاخەوان، تەمەن 17 ساڵ بەهرەمەندێکی نوێی یانەی هەولێرە، دوو یارییە وەک باشترین ناوەڕاستکار لە پێکهاتەی سەرەکی یانەی هەولێر یاریدەکات، ئەم یاریزانە پێشتر لە ریزی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق یاریکردووە، ئاستبەرزی بووەتە هۆی راکێشانی سەرنجی هاندەرانی یانەکە.
عەلی شاخەوان، لەبارەی متمانەی راهێنەرەکەی و یاریکردنی وەک یاریزانێکی لاو بۆ رووداو گوتی "دوو ساڵە چاوەڕێی دەرفەتێک بۆ دەرخستنی تواناکانم بووم. ئاسوودەم لە یانەی هەولێر و دەمەوێت دڵی هاندەرانی خۆش بکەم ".
یانەی هەولێر و یانەی حدوود 13 یارییان لە خولی نایابی عێراق ئەنجامداوە، یانەی هەولێر 7 یاری بردووەتەوە، یانەی حدوود یەک بردنەوەی هەیە، هەردوو تیپ لە 5 یاریدا یەکسانبوون، هەولێر 20 جار گۆڵی حدوودی هەژاندووە، یانەی حدوود 9 جار گۆڵی هەولێری هەژاندووە.
یانەی هەولێر 28 خاڵی هەیە لە پلەی سیانزدەی ریزبەندیی خولی نایابی عێراقە، یانەی حدوود 31 خاڵی کۆکردووەتەوە لە پلەی یازدەی ریزبەندییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ