کارلۆ ئەنچیلۆتی: چامپیۆنزلیگ لالیگا نییە

09-04-2023
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دان بەوەدا دەنێت کە رکابەری لەگەڵ بارسێلۆنا لە لالیگادا کۆتاییهاتووە، بەڵام دەشڵێت "چامپیۆنزلیگ پاڵەوانێتی و کێبرکێیەکی جیاوازە و ئاستێکی بەرزی تێدا پێشکێش دەکەین".
 
یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 28ـی لالیگادا لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ میوانداری یانەی ڤیاریالی کرد و بە ئەنجامی 2-3 پێیدۆڕا، بەمەش هیواکانی بۆ رکابەریکردنی بارسێلۆنا لەسەر نازناوی خولەکە زۆر لاوازبوون، بەشێوەیەک ئەگەر بارسێلۆنا سبەی یارییەکەی لە خیرۆنا بباتەوە، جیاوازی نێوانیان دەبێتە 15 خاڵ.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "بەڕای من لالیگا تەواوبوو، بەڵام چامپیۆنزلیگ بەو شێوەیە نییە. من خەمی چامپیۆنزلیگم نییە. بۆ یارییەکەی چوارشەممە بە پەرۆش دەبین". 
 
ئەو گوتیشی "ئەوە پاڵەوانێتییەکی دیکە و کێبرکێیەکی دیکەیە، یارییەکی جیاواز دەبێت و بەدڵنیاییەوە ئاستێکی بەرز پێشکێشی دەکەین. بەڵام لە لالیگادا بەراورد بە وەرزی رابردوو ئاستەکەمان وەک یەک نەبوو".
 
سەبارەت بە هۆکاری شکستەکەیان بەرامبەر ڤیاریال؟ کارلیتۆ گوتی "پێموایە ناهاوسەنگی بوو، وەک پێشتر گوتم، ئەوان تۆپیان لە نێوان هێڵەکانمان دۆزییەوە و ئێمەش بەو شێوەیە باش بەرگریمان نەکرد. ئێمە دووجار پێشیان کەوتین، بەڵام ئەوەندە خۆڕاگر نەبووین. بەڵام  چوارشەممە لە چامپیۆنزلیگ یارییەکی جیاواز دەبێت. چیرۆکێکی تەواو جیاوازە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە