سیمیۆنی گوێناداتە قسەی خەڵکی

09-04-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دیێگۆ سیمیۆنی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، رەتیدەکاتەوە لە ژێر گوشاری خەڵکیدا تاکتیکی یاریکردنی بگۆڕێت، دەشڵێت "من بەوپەڕی خاکەڕایی کاردەکەم بۆ یارمەتیدانی ئاتلێتیکۆ مەدرید".
 
بەمدواییە و بەدیاریکراویش دوای دۆڕانی یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر سیتی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر، دییگۆ سیمیۆنیی راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە، بەهۆی ئەوەی تەنیا بە پلانی بەرگری یاری دەکات.
 
راهێنەری ئەرجەنتینی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر ریال مایۆرکا لە گەڕی 31ـی لالیگادا، وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە و گوتی "هەمیشە گوتوومە قسە لەسەر بۆچوونی خەڵکی ناکەم، هەر کەسێک بۆچوونێکی هەیە و رێز لە هەموو بۆچوونەکان دەگرم، من بەوپەڕی خاکەڕایی کاردەکەم بۆ یارمەتیدانی ئاتلێتیکۆ مەدرید".
 
سیمیۆنی دووپاتیشیکردەوە "پەیوەندیمان بە بۆچوونەکانی خەڵکەوە نییە سەبارەت بەو تاکتیکەی ئێمە لە یارییەکانماندا جێبەجێی دەکەین، ئێمە تەنیا بیر لەو یارییانە دەکەینەوە کە لەپێشماندان".
 
راهێنەری رۆخی بلانکۆس لەبارەی یارییەکەشیان بەرامبەر مایۆرکا، قسەی کرد و گوتی "ئەمجارە بەرامبەر یانەیەک یاری دەکەین کە وەک ئێمە پێویستییان بە بردنەوەیە، یارییەکی زەحمەت دەبێت و لە یاریگەیەکی زەحمەتیشدا بەڕێوەدەچێت، ئەوە ئەرکەکەمان زەحمەتتر دەکات، بەڵام هەوڵدەدەین کۆنترۆلی یارییەکە بکەین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە