ڤیدیۆ؛ قوە جەوییە یەکەم یاریی لە چامپیۆنزلیگدا بردەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی قوە جەوییەی عێراقی هەنگاوی یەکەمی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا بەسەرکەوتوویی نا و لە یانەی جەزیرەی ئیماراتی بردەوە.
لە یاریگەی شا فەهد لە سعودیە، هەردوو یانەی قوە جەوییە و جەزیرە لە یەکەم یاریی خۆیاندا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا و لە کۆمەڵەی دووەمدا رووبەڕووی یەکبوونەوە و یانە عێراقییەکە یەکەم سێ خاڵی لە رکابەرییەکەدا بەدەستهێنا و رکابەرەکەی تووشی شکستکرد.
لە خولەکی 11 حوسێن جەبار بەلێدانی سەر دەرگای گۆڵکردنی بۆ یانەی قوە جەوییە کردەوە و تۆڕی عەلی خسێفی هەژاند، بەڵام پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بە دوو خولەک زاید عەبدوڵڵا ئەلعامری ئەنجامەکەی بۆ یانەی جەزیرە یەکسانکردەوە و نیوەی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا یانەی قوە جەوییە ئاستێکی بەرزتری پێشکێشکرد و لە چەند هێرشێکدا خۆی نزیکی گۆڵی یانە ئیماراتییەکە کرد، تاوەکو لە خولەکی 82 عەلی کازم بەلێدانی سەر گۆڵێکی دیکەی بۆ پاڵەوانی عێراق تۆمارکرد و پێکهاتەی حەکیم شاکر لە یەکەم یارییدا بە 2-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و یەکەم سێ خاڵی لە رکابەرییەکەدا بردەوە.