یۆرۆش دەچێتە ریال مەدرید


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، نزیکە لە وەشاندنی گورزێکی دیکە لە پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا.
 
سەرچاوەکان کۆکن لەسەرئەوەی ریال مەدرید نزیکە لە راگەیاندنی گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ، پاشئەوەی ئەو یاریزانە بڕیاریدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە پاریسییەکە نوێنەکاتەوە.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ریال مەدرید ئێستا گرێبەستکردنی لەگەڵ یاریزانێکدا کردووەتە ئامانج، کە بەئامانجی سەرەکی سانجێرمان دادەنرێت.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، گرێبەستکردن لەگەڵ لینی یۆرۆ، بەرگریکەری لاوی لیلی فەرەنسی، ئامانجی ئێستا و خێرای ریال مەدریدە و دەیەوێت بەزووترین کات گرێبەستی لەگەڵدا بکات.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانە، زۆر یانەی دیکەی ئەوروپا ئەو یاریزانەیان کردووەتە ئامانج، بەڵام ویستی یاریزانە پۆشینی درێسی ریال مەدریدە و بەرپرسانی یانەی لیلیش چەندجارێک ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە.
 
یانەی لیل داوای 100 ملیۆن یۆرۆ دەکات بۆ دەستهەڵگرتن لەو بەرگریکەرە تەمەن 18 ساڵە، بەڵام لە بنەمادا بەهای ئەو یاریزانە لە بازاڕدا تەنیا 30 ملیۆن یۆرۆیە، بەتایبەت کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە لە 2025 کۆتایی دێت.
 
میدیای نزیک لە ریال مەدرید دەڵێن، بەرپرسانی یانەکە، یۆرۆ وەک دووبارەکردنەوەی ئەزموونی رافایێل ڤاران دەبینن و ئامادەن هاوینی ئەمساڵ بەنرخێکی گونجاو، یان هاوینی 2025 بەخۆڕایی گرێبەستی لەگەڵدا بکەن.
 
ئەوەی زیاتر تای تەرازووی گرێبەستکردن لەگەڵ یۆرۆ لە بەرژەوەندی ریال مەدرید یەکلادەکاتەوە ئەوەیە کە سیلڤان ئارماند، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی لیل، رابردوویەکی خراپی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هەیە و کارکردنی لەگەڵ ئەو یانەیە، بەشێوەیەکی دۆستانە کۆتایی نەهات، بۆیە نایەوێت مامەڵە لەگەڵ سانجێرماندا بکات.