بایرن میونشن تەڵەی بۆ بارسێلۆنا داناوە

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، هەڕەشە لە پلانێکی بارسێلۆنا دەکات بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا گرێبەست لەگەڵ راهێنەرێک بکات کە ئامانجی یانە کەتەلۆنییەکەیە.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا بەفەرمی رۆیشتنی خۆی لە هاوینی داهاتوودا لە بڵاوگرانا راگەیاندووە.
 
زۆر لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا ئاماژەیان بەوە کردووە، رۆبێرتۆ دی زێربی ئیتاڵی، راهێنەری یانەی برایتنی ئینگلیزی، بووەتە بژاردەی یەکەم لەسەر مێزی بارسێلۆنا بۆ ئەوەی شوێنی چاڤی بگرێتەوە.
 
بەپێی هەواڵێکی سکای سپۆرتی ئەڵمانی، چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی بایرلیڤەرکوزن، بژاردەی یەکەمی یانە باڤارییەکەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بڕگەی مەرجی سزایی لە گرێبەستەکەیدا ئەستەمە گرێبەستی لەگەڵدا بکات.
 
هەروەها لیڤەرپوولیش رکابەرییەکی بەهێزی بایرن میونشن دەکات بۆ گواستنەوەی چابی ئەلۆنسۆی یاریزانی پێشووی هەردوو یانەکە.
 
سکای سپۆرت ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوەشکردووە، بایرن میونشن، دی زێربی وەک بژاردەی دووەم داناوە ئەگەر نەتوانێت واژۆی ئەلۆنسۆ بەدەستبهێنێت.
 
روونیشیکردەوە، ماکس ئیبرل، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بایرن میونشن، بەهۆی ئەو تۆپی پێیەی پێشکێشی دەکات، هاندەری دی زێربییە، ئەمە جگە لەوەی ئەو راهێنەرە رۆڵی لە پەرەپێدانی بەهرەمەندەکاندا هەیە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کە هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی، راهێنەری پێشووی یانەی رۆما ئێستا بابەتێکی گەرمی بایرن میونشن نییە، وەک ئەوەی پێشتر هەندێک لە میدیاکان باسیان دەکرد.