بایرن کێشە بۆ بارسێلۆنا دروستدەکات

09-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بایرن میونشن بارسێلۆنا دی زێربی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشن، هەڕەشەی لەسەر پلانەکانی بارسێلۆنا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ راهێنەرێکی نوێ لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا دروستکردووە.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری ئێستای بارسێلۆنا، پێشتر رایگەیاندووە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، مەشقدانی یانە کەتەلۆنییەکە بەجێدەهیڵێت و بەوەش لە ئێستاوە کارگێڕیی یانەکە، بەدوای جێگرەوەی ئەو راهێنەرەدا دەگەڕێت.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، رۆبێرتۆ دێزێربی، راهێنەری یانەی برایتنی ئینگلیزی، ئێستا بەربژێری یەکەمی بارسێلۆنایە، بۆ مەشقدانی ئەو یانەیە لە هاوینی داهاتووەوە. بەڵام ئەو بژاردەیە رووبەڕووی کێشە بووەتەوە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئەڵمانییەکان دەڵێن، ئەوەی کێشە بۆ پلانەکەی بارسێلۆنا دروستدەکات لە گرێبەستکردن لەگەڵ دیزێربی، یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانییە کە لە ئێستاوە بەشوێن جێگرەوەی تۆماس توخێلی راهێنەریدا دەگەڕێت، کە ئەویش بڕیاریداوە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، یانەکەی بەجێبهێڵێت.
 
میدیاکانی ئەڵمانیا دەڵێن، راهێنەری دڵخوازی یانە باڤارییەکە، چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ئێستای بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانییە، بەڵام گرێبەستی چابی و لیڤەرکوزن، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی تێدا نییە و بەوەش رۆیشتنی چابی بۆ هەر یانەیەک لە دەرەوەی لیڤەرکوزن، کارێکی ئاڵۆز دەبێت و پێویستی بەڕازیبوونی لیڤەرکوزن دەبێت.
 
جیا لەوەش، وەک سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، دڵخوازترین یانە بۆ مەشقدان لەپاش لیڤەرکوزنەوە، لای ئەلۆنسۆ، یانەی لیڤەرپوولە کە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، یۆرگن کلۆپی ر‌اهێنەر، دەستلەمەشقدانی هەڵدەگرێت، وەکئەوەی پێشتر ئەو راهێنەرە رایگەیاندووە.
 
بۆیە لە ئەگەری رۆیشتنی چابی ئەلۆنسۆ لە لیڤەرکوزن، رووگەی داهاتووی، یانەی لیڤەرپوول دەبێت و بەوەش وەک سەرچاوەکانی ئەڵمانیا دووپاتیدەکەنەوە، "بژاردەی یەکەمی بایرن میونشن، دێزێربیە، بەتایبەت کە ئەو یانەیە بۆ ئەو راهێنەرە لە بارسێلۆنا سەرنجڕاکێشترە، کە بەدەست کێشەی زۆری بێپارەیی و دۆخی خراپی داراییەوە دەناڵێنێت".
 
میدیاکان دەڵێن، ماکس ئیبرل، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بایرن میونشن کە ماوەی چەند هەفتەیەکە پۆستە نوێیەکەی لە یانەکەدا وەرگرتووە، زۆر بەتواناکانی دیزێربی سەرسامە و ستایلی کارکردنی ئەو راهێنەر و بایەخدانی بەیاریزانانی بەهرەمەندی بەلاوە گرنگە.
 
ئەگەرچی ناوە ناوە باس لە بوونی ناوی جۆزێ مۆرینیۆ لەسەر مێزی بەرپرسانی بایرن میونشن دەکرێت، بەڵام سەرچاوە ئەڵمانییەکان دووپاتیدەکەنەوە، بەرپرسانی بایرن، بیر لەو بژاردەیە ناکەنەوە.
 
تاوەکو ئێستا ناوی چەندین راهێنەر بەبارسێلۆناوە بەستراونەتەوە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە هیچ هەنگاوێکی کردەنی بەئاراستەی دەستنیشانکردنی راهێنەری داهاتووی یانەکە نەناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە