دەستەوارەیەکی خەیاڵی بۆ دیبرۆین

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پێشهاتێکی نوێ و چاوەڕواننەکراودا، یانەی نەسڕی سعودی دەستەوارەیەکی گەورە و خەیاڵیی بۆ ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ ئامادەکردووە و دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینەدا بیباتە ریزەکانی.
 
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری Football Insider، یانەی نەسڕ سوورە لەسەر گواستنەوەی کیڤن دیبرۆین، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی و هەڵبژاردەی بەلجیکا و لە گواستنەوەی هاوینەدا هەموو هەوڵەکانی لەو پێناوەدا دەخاتەگەڕ.
 
بەپێی سەرچاوەکە یانە سعودییەکە، یانەی نەسڕ 100 ملیۆن پاوەندی بۆ گواستنەوەی دیبرۆین ئامادەکردووە، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی زۆری نەماوە و داهاتووی لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی دیارنییە.
 
کیڤن دیبرۆین، تەمەنی 32 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت، هێشتا یاریزانەکە بڕیاری نەداوە، گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە یان نا.
 
پێشتر پێپ گواردیۆلا، لەبارەی داهاتووی ناوەڕاستکارە بەلجیکییەکە رایگەیاندبوو، دەیەوێت دیبرۆین لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت، بەڵام هەموو ئەگەرەکان کراوەن و نازانم یاریزانەکە خۆی چ بڕیارێک دەدات.
 
دیبرۆین لە ئەستێرە هەرە دیار و بەنێوبانگەکانی پرێمەرلیگە، یاریزانەکە 368 یاریی بەدرێسی یانە ئینگلیزییەکەوە ئەنجامداوە، 98 گۆڵی تۆمارکردووە، 161 ئاسیستی هەیە.
 
یانەی نەسڕ لەکاتێکدا دەیەوێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی، لەم وەرزەدا یانەکە لە خولی سعودیدا هەرچەند لە پلەی دووەمی ریزبەندە، بەڵام هەلی بردنەوەی نازناوەکەی زۆر کەمە، کارگێڕیی یانەکەش چاوی لەوەیە بۆ وەرزی داهاتوو رکابەری لەسەر بردنەوەی زۆرترین نازناو بکات.
 
کیڤن دیبرۆین، لە هاوینی 2015 لە یانەی فۆڵڤسبۆرگی ئەڵمانییەوە پەیوەندیی بە مانچێستەر سیتییەوە کردووە، چەند یانەیەک لەسەر ئاستی سعودیە و ئەمریکا رکابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە دەکەن.