راکیتیچ: بارسێلۆنا چامپیۆنزلیگ دەباتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئیڤان راکیتیچ، یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆنا و ئێستای شەباب، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی مارکا، باسی چەندین بابەتی نوێ دەکات و بارسێلۆنا بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ بەربژێر دەکات، دەشڵێت ریال مەدرید دەستبەسەر نازناوەکاندا دەگرێت.
پ/ چیت هەیە بۆ لوکا مۆدریچ؟
و/ "چی بڵێم لەبارەی لوکا.. یەکەم، داوای لێبووردن دەکەم کە لێی دوورم. من لەو تووڕەم، چونکە گۆڵی لە سێڤییا کرد. یاریزانانی ریال مەدرید، سەرۆک و هاندەرانی یانەکە بێئەندازە بەبەختن کە دەتوانن چێژ لە لوکا وەربگرن، هیوادارم لە یاریکردن بەردەوامبێت. مەحاڵە بەبێ بوونی لوکا بتوانیت بیر لە ریال مەدرید و لالیگا بکەیتەوە. ئەو دەزانێت کە من وەک برایەکی گەورە خۆشمدەوێت، ئەو بەشێکە لە من و لە خێزانەکەم."
پ/ تاوەکو چ رادەیەک بارسێلۆنای سەردەمی تۆ لە هی ئێستا جیاوازە؟
و/ ریال مەدرید هەنگاو بە هەنگاو هەموو شتێک بەباشی ئەنجامدەدات، تۆنی کرووس و لوکا مۆدریچ هێشتا لەوێن و سەرکردایەتی یانەکە دەکەن، دڵنیام یاریزانە لاوەکانی وەک بێلینگهام زۆر سوپاسگوزارن کە رۆژانە دەتوانن لە لوکا و تۆنییەوە فێربن. رەنگە بارسا کەمێک پەلەی کردبێت، پێموایە گاڤی و پێدری خاوەنی بەهرەی ناوازەن، ئەوان داهاتووی بارسێلۆنا و ئیسپانیان، بەڵام پێموایە ئێمەی یاریزانە بە ئەزموونەکان دەمانتوانی یارمەتییان بدەین و سوودیان پێبگەیەنین.
پ/ پێتوایە ریال مەدرید دەستبەسەر نازناوەکاندا بگرێت؟
و/ ریال مەدرید بناخەیەکی پتەوی بۆخۆی بنیادناوە، بۆیە نەک تەنیا ئەم وەرزە، بەڵکو لە چەند ساڵی داهاتووشدا نازناوەکان بۆخۆیان قۆرخ دەکەن. فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرکردەیە، ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی دەهێنن. سەرۆکەکان هەمیشە بڕیاری درووست نادەن، بەڵام ئەو لە بڕیارەکانیدا راستبووە، پێویستە پیرۆزبایی لێبکەین.
پ/ کێ لالیگا دەباتەوە؟
و/ ریال مەدرید - بێ هیچ گومانێک.
پ/ کێ چامپیۆنزلیگ دەباتەوە؟
و/ بارسێلۆنا - بە کەمێک گومانەوە.
پ/ کێ خولی سعودی دەباتەوە؟
و/ هیلال.
پ/ کێ یۆرۆپالیگ دەباتەوە؟
و/ بایەرلیڤەرکوزن.
پ/ کێ نازناوی یۆرۆ دەباتەوە؟
و/ پرسیارێکی قورسە، کرواتیا.
پ/ باشترین پێکهاتەی خۆت دیاری بکە.
و/ من هاندەرێکی سەرسەختی یاریزانە کۆنەکانم. من لەگەڵ نۆیەر و تێر شتیگن یاریمکردووە. لە رابردوودا، پێشەنگی من بێکێنباوەر بوو. ماڵدینی لە بەرگری، لە ناوەڕاستدا چاڤی، ئینیێستا، مێسی و نەیمار، بەڵام ناوێک هەیە لەسەرووی هەموویانەوە دێت: خۆسێ ئانتۆنیۆ رێیەس.