یاریزانە گرنگەکەی ئەنچێلۆتی بۆ یاریی کلاسیکۆ ئامادە دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

ئیدێر میلیتاو، بەرگریکاری یانەی ریال مەدرید ئامادە دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنای رکابەریان لە یاریی کلاسیکۆی لالیگادا، کە رۆژی 21ـی نیسان لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید بەڕێوەدەچێت.
 
میلیتاو لەم وەرزەدا تەنیا 50 خولەک یاری بۆ ریال مەدرید کردووە، دوای ئەوەی لە کۆتایی هەفتەی یەکەمی وەرزدا تووشی پێکانێکی سەختی ئەژنۆی بوو، و بەهۆیەوە لە پێکهاتەی لۆس بلانکۆس دوورکەوتەوە.
 
سەرەڕای ئەوەی سەرەتا پێشبینی دەکرا، بەرگریکاری بەرازیلی تاوەکو سەرەتای وەرزی 2024 ـ 2025 نەتوانێت یاری بکاتەوە، بەڵام خۆی و پزیشکانی یانەکەش گەشبینانە خۆیان بەدەستەوە نەدا و دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوو بۆ یاریزانەکە، دەرکەوت کە خێراتر لە پێشبینیکراو چاکدەبێتەوە.
 
یاریزانە بەرازیلییەکە لە چەند هەفتەی رابردوودا گەڕاوەتەوە بۆ نێو مەشق و راهێنانەکانی ریال مەدرید، و راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان زۆر باس لە ئاستی لەشجوانی و توانا جەستەییەکانی دەکەن.
 
بەپێی دوایین زانیارییەکانی رۆژنامەی مارکا، میلیتاو لەم هەفتەیەدا لە هەندێک یەکەی مەشقیدا لە ڤاڵدێبیپا بەشداری کردووە، لە کاتێکدا خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ نێو یاریگەکان ئامادە دەکات.
 
بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی یانەی ریال مەدرید، کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەر وادەی دیاریکراوی بانگهێشتکردنی یاریزانی دڵی بەرگری تیپەکەی دیاریکردووە و ئامانجی ئەوەیە میلیتاو بەشداری لە یاریی کلاسیکۆی لالیگادا بکات، کە کارلیتۆ پێیوایە میلیتاو یاریزانێکی هەرە گرنگی پێکهاتەکەیەتی.
 
ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە سەرەڕای باشیی دۆخی میلیتاو سەبارەت بە گەڕانەوەی، یاریزانەکە بەشداری لە دوو یاریی ریال مەدرید لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە مانگی نیساندا ناکات.