ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا بردنەوەیەکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد

09-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بارسێلۆنا
بارسێلۆنا
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا بردنەوەیەکی زەحمەتی بەدەستهێنا و لە یاریگەی خۆی لە یانەی ریال مایۆرکای بردەوە.
 
لە سەرەتای یارییەکەدا خاوەن یاریگە هێرشەکانی بۆ سەر گۆڵی یانەی میوان دەستپێکرد، چاڤی هێرناندێزیش لەنێو پەیژەکانی یاریگەوە سەیری یارییەکە دەکات و چاوەڕێی گۆڵ تۆمارکردنە.
 
لە خولەکی 24 ئیلکای گوندۆگان لێدانێکی سزای لەدەستدا و نەیتوانی گۆڵ بۆ یانەکەی تۆمارکرد.
 
دوای ئەوە هەردوو یانە چەند هێرشێکی دیکەیان بردە سەر گۆڵی یەکدی و هەر لە نیوەی یەکەمدا بەهۆی هەستکردن بە ئازارەوە رافینیا گۆڕانکاریی پێکرا.
 
نیوەی یەکەمی یارییەکە لەنێو هەوڵەکانی هەردوو یانەدا بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا، بارسێلۆنا گوشارەکانی بۆ سەر گۆڵی میوانەکەی زیاتر کرد، بەتایبەت لەلایەن لامین یامالەوە.
 
لە خولەکی 73 لامین بەلێدانێکی جوان گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی بۆ بلاوگرانا تۆمارکرد و بارسێلۆنای پێشخست.
 
چەند هەلێکی دیکە بۆ بارسێلۆنا رێککەوتن، بەڵام لە جارێک زیاتر هەژاندنی تۆڕ نەبینرا و بارسا یارییەکە بە زەحمەت بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و سێ خاڵی بەدەستهێنا.
 
ئەو گۆڵەی لامین یامال تۆماریکرد، بووە چوارەم گۆڵی یاریزانەکە لەم وەرزەی لالیگادا، جگە لەوەش یاریزانەکە وەکو باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.
 
ئەوەی بۆ هەمووان سەرنجڕاکێشە ئەوەیە، لە دوای ئەوەی چاڤی رایگەیاند لە کۆتایی وەرزدا لە یانەکە دەڕوات، بارسێلۆنا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 5 بردنەوە و 3 یەکسانبوونی هەیە.
 
جگە لەوەس ئەم بردنەوەیە سەرکەوتنی ژمارە 80ـی چاڤی بوو لە کۆی 130 یارییدا کە راهێنەرایەتیی یانەی بارسێلۆنای کردووە.
 
بەبردنەوەی ئەم یارییە بارسێلۆنا ژمارەی خاڵەکانی بۆ 61 بەرزکردەوە و بەشێوەیەکی کاتی پێش جیرۆنا کەوت و چووە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە، یانەی ریال مایۆرکا 27 خاڵی هەیە و بەکاتی لە پلەی پازدەیەمی ریزبەندە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە