رووداو دیجیتاڵ
کریستۆف گالتێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان، دووپاتیکردەوە کە شکستیان بەرامبەر بایرن میونشن مانای ئەوە نییە تیپەکەی کەم و کوڕی هەیە، هەروەها گوتیشی "بیر لە دەرکردنم لە راهێنەرایەتی پاریس سانجێرمان ناکەمەوە".
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، بایرن میونشن لەسەر یاریگەی ئالیانز ئارێنا میوانداری پاریس سانجێرمانی کرد و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لێیبردەوە و بە کۆی هەردوو یاریی 3-0 سەرکەوتن و گەیشتن بۆ قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە بووە بەشی یانە ئەڵمانییەکە.
کریستۆف گالتێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا گوتی "دۆڕانمان مانای ئەوە نییە کە کەموکوڕی لە تیپەکەماندا هەیە، ئەمە چیرۆکی وەرزێکی دیاریکراوە، وەرزێکی زۆر ماندووکەر لە رووی جەستەییەوە بۆ یاریزانەکانم، ئێمە لەم دوو یارییەدا بەدەست لەدەستدانی زۆر لە یاریزانە گرنگەکانمانەوە دەمانناڵاند".
ئەو بەشێوەیەکی روونتر باسی یارییەکەی کرد و گوتی "سەرەڕای ئەوەی ئاستێکی بەرزمان لە گێمی یەکەمدا پێشکێش کرد، کە چەندین ساتی باشمان هەبوو، بەڵام نەمانتوانی گۆڵێک تۆماربکەین. ئێمە زوو مارکینۆسی کاپتنەکەمان لەدەستدا، دواتر دەرچوونی نۆردی موکێلی و نەبوونی کیمپێمبی ناچاری کردین پەنا ببەینە بەر یاریزانێکی زۆر گەنج، کە تەمەنی لە 17 ساڵ زیاتر نییە. بەشێوەیەکی گشتی ئاستمان لە دوو یارییەکەدا خراپ بوو".
راهێنەری یانەی پاریسی، لەبارەی داهاتووی لەگەڵ یانەکەش قسەی کرد و گوتی "هێشتا زووە بۆ قسەکردن لەسەر داهاتووم، بەو پێیەی ئەوە بڕیاری کارگێڕیی و سەرۆکی یانەکەیە، بە دڵنیاییەوە نائومێدی هەیە، بەڵام بە هەموو وزە و حەماسەتێکەوە بەردەوام دەبم لە کارەکانم بۆ ئەوەی وەرزەکە بە باشی کۆتایی پێبهێنم".
ئەو زیاتر گوتی "بایرن میونشن بە هەموو هێزێکەوە گوشاری خستە سەر ئێمە، بۆیە هەست بە شەرمەزاری ناکەم کە پەنامان بۆ تۆپی درێژ برد بۆ شکاندنی ئەم گوشارە".
گالتێ لە کۆتاییدا، روونیشیکردەوە "جیاوازی نێوان ئێمە و بایرن میونشن زۆری یاریزانەکانە، لە یاریی چووندا چەند یاریزانێکمان ئامادە نەبوون، بۆ یاریی گەڕانەوەش چەند یاریزانێکی دیکەمان لەدەستدا، کە بێگومان ئەمە کاریگەری لەسەر ئێمە هەبوو و تیپەکەی لاوازکرد. بەداخەوە ناتوانین دووبارە رووبەڕووی بایرن میونشن ببینەوە، بۆیە دەبێت سەیری پێشەوە بکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ