مولەر سووکایەتی بە مێسی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
تۆماس مولەر، یاریزانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، بە لێدوانێکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی هەوڵدەدات سووکایەتی بە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بکات.
دوای ئەوەی هەردوو یانەی بایرن میونشن و پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگدا یاریی لوتکەیان ئەنجامدا و بایرن لەسەر یاریگای ئەلیانز ئارێنا، سەرکەوتنی خۆی بەرامبەر پاریس سانجێرمان دووپاتکردەوە و یانەی پاریسی دەرکرد، تۆماس مولەر بە لێدوانێک گاڵتەی بە لیۆنێل مێسی کرد.
یاریزانە ئەڵمانییەکە لە لێدوانەکانیدا بۆ تۆڕی دازن، گوتی "لەم جۆرە یارییانەدا هەمیشە ساتێک هەیە کە ئازار دەچێژیت، بەختیش کەمە، بەڵام ئێمە بەرگرییەکی باشمان لە بەرامبەر پاریس سانجێرمان کرد".
لە درێژەی قسەکانیدا، مولەر گوتی "گێمی یەکەم ئەوەی پێویست بوو نەمانکرد، بەڵام لە گێمی دووەمدا یارییەکی باشترمان ئەنجامدا و بە باشی دەرکەوتین، شایەنی ئەوە بووین لە کۆتاییدا سەرکەوتن بەدەستبهێنین".
مولەر ئینجا باسی مێسی کرد و ئاماژەی بەوەکرد "لە بەرامبەر مێسیدا هەمیشە شتەکان بەباشی دەڕۆن لە هەموو روویێکەوە، وەک ئەنجام و ئاست، کریستیانۆ رۆناڵدۆ کێشەی ئێمە بوو کاتێک لە ریال مەدرید بوو، بەڵام زۆر رێز لە مێسی دەگرم بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە مۆندیالدا پێشکەشی کرد".
ئەو زیاتر روونیکردەوە "ڤێراتی یاریزانێکە لەسەر ئاستێکی بەرز و جیهانیدا مامەڵە لەگەڵ تۆپدا دەکات، بەڵام ئێمەش دەمانزانی دەتوانین گۆڵ تۆماربکەین و گۆڵمان تۆمارکرد".
یانە باڤارییەکە بە کۆی هەردوو یاریی، بە ئەنجامی 3-0 لە پاریس سانجێرمانی بردەوە و بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ سەرکەوت.