کارلۆ ئەنچیلۆتی: بە دڵی هاندەرانمان یاری دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، رایگەیاند ئەوان ئەمجارە بەو شێوەیە یاری دەکەن کە جەماوەری سانتیاگۆ برنابیۆ دەیانەوێت، گوتیشی "ئەرکی ئێمە بەتەنیا راگرتینی ئێمباپێ نییە، بەڵکو دەبێت مێسی و نەیماریش رابگرن".
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ میوانداری یانەی پاریس سانجێرمان دەکات، کە لە یاریی چووندا یانە فەرەنسییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "لە پاریس باش یاریمان نەکرد، بەڵام بڕوامان وایە ئەمجارە یارییەکی زۆر باش دەکەین، باشترین ریال مەدرید بەرامبەر باشترین پاریس سانجێرمان یاری دەکات".
 
ئەو زیاتر گوتی "باشترین پاریس سانجێرمانمان لە یاریی چووندا بینی و ئەمجارەش باشترین ریال مەدرید دەبینین، دەبێت بەو شێوەیە یاری بکەین کە هاندەرانمان دەیانەوێت".
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکەی یانەی شاهانە، لە بەردەوامی لێدوانەکانیدا، گوتیشی "لە یاریی یەکەمدا نەمانتوانی بە پلانی خۆمان یاری بکەین بەهۆی یاریکردنیان لەپێشەوە، لەم یارییەدا دەبێت وەک تیپێکی یەکگرتوو یاری بکەین".
 
کارلیتۆ رەتیکردەوە کە پێیخۆش بێت کیلیان ئێمباپێ تووشی پێکان بێت و گوتی "من حەزناکەم نە ئێمباپێ نە هیچ یاریزانێکی دیکە تووشی پێکان ببێت، ئێمە وادادەنێین کە ئێمباپێ لە یەکەم خولەکدا یاری دەکات، بەڵام ئەرکی ئێمە بەتەنیا راگرتنی ئێمباپێ نییە بەڵکو مێسی و نەیماریشە".
 
راهێنەری ریال مەدرید دووپاتیشیکردەوە کە کەریم بنزیما بە باشی بۆ ئەم یارییە ئامادەیە، سەبارەت بە تۆنی کرووسیش، گوتی "من یاریی بەو یاریزانە دەکەم کە 100٪ ئامادە بێت، واتا ئەگەر کرووس 95٪ ئامادە بێت یاری پێناکەم".