پۆچێتینۆ: لە ریال مەدرید ناترسین

09-03-2022
ئیحسان تاهیر
Photo by GABRIEL BOUYS / AFP
Photo by GABRIEL BOUYS / AFP
نیشانەکردن ماورێسیۆ پۆچێتینۆ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، رایگەیاند ئەوان زۆر رێز لە ریال مەدرید دەگرن، بەڵام لێیان ناترسێن، گوتیشی "لیۆنێل مێسی ئێستاش باشترین یاریزانی جیهانە".
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ میوانداری یانەی پاریس سانجێرمان دەکات، کە لە یاریی چووندا یانە فەرەنسییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 
ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "ئێمە تیپێکی باشمان هەیە، خاوەن کۆمەڵێک یاریزانی کواڵیت بەرزین، ئەمساڵ یاریی کۆتایی لێرەیە لە پاریس، ئەمە وامانلێدەکات لە هەموو کاتێک زیاتر هەواڵ بدەین بگەینە یاریی کۆتایی".
 
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکەی یانەی پاریسی، دووپاتیکردەوە کە ئەوان لەم یارییەدا بە شێوازی بەرگری یاری ناکەن و گوتی "باشترین رێگە بۆ بەرگریکردن لە بردنەوەی یەکەممان هێرشبردنە، ئەوەمان لە پاریس کردووە و دەبێت لە مەدریدیش دووبارەی بکەینەوە". 
 
ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "ئەو یارییەمان هەندێک جیاواز دەبێت بەهۆی ئەو پێکانانەی ئێمە و ئەوان هەمانە، دەبێت زۆر بە وردی یاری بکەین بۆ ئەوەی ئەم یارییە تێپەڕێنین".
 
ئەو زیاتر گوتی "ریال مەدرید شێوازی یاریکردنی ناگۆڕێت، راستە هەندێک یاریزانی یاری ناکەن و هەندێکی نوێ یاری دەکەن، بەڵام شێوازی یاریکردنیان ناگۆڕن، ئێمە رێز لە ریال مەدرید دەگرین، 13 نازناوی چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە، بەڵام لێیان ناترسین، دەزانین کە پێویستە یارییەکی گەورە بکەین بۆ ئەوەی ببەینەوە".
 
پۆچێتینۆ لە کۆتایی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە کە کیلیان ئێمباپێ ئامادەیە بۆ یارییەکە و گوتی "ئەو گوشارێکی زۆری لەسەرە، بەڵام یاریزانێکی پیشەگەر و پێگەیشتووە و لەپێناو درێسی پاریسدا هەموو شتێک دەکات". سەبارەت بە لیۆنێل مێسیش، گوتی "ئەویش بە باشی ئامادەیە، لیۆ هێشتا باشترین یاریزانی جیهانە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە