لۆف واز لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دێنێت

رووداو دیجیتال

یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا رایگەیاند، یواکیم لۆفی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوای یۆرۆی 2020، کە لەم هاوینەدا ئەنجام دەدرێت، واز لە پۆستەکەی دێنێت.

یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، ئاشکرایکرد کە لۆف ئاگاداری کردوونەتەوە کە دوای یۆرۆ ناتوانێت لەگەڵ هەڵنبژاردەی مانشافت بەردەوام بێت و تێیدا هاتووە "رۆیشتنی لۆف لەسەر داوا و ئارەزووی خۆیەتی".

یواکیم لۆف، لەو بارەیەوە گوتی "بە وریاییەکی زۆر و بە شانازییەوە ئەو بڕیارەم داوە، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر پاڵنەر و ئامانجیشم لە پاڵەوانێتی یۆرۆدا هەن".

راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "من شانازی بە خۆمەوە دەکەم، چونکە بەشداریکردن لە کارێک کە پەیوەندی بە وڵاتەکەمەوە هەبێت لای من نایابە، هەروەها لەبەرئەوەی کارم لەگەڵ باشترین یاریزانانی ئەڵمانیا لە ماوەی 17 ساڵدا کردووە و بەشداریم لە برەوپێدانیاندا هەیە".

راهێنەرە ئەڵمانییەکە زیاتر گوتی "هێشتا ئارەزوویەکی زۆرم هەیە، وزەم ماوە لەپێناو پاڵەوانێتی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا لەم هاوینەدا، بێگومان ئەوەی لە تواناشمدا هەیە دەیخەمەڕوو لەپێناو دڵخۆشکردنی جەماوەرەکەمان".

فریتس کێلەر، لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا، لەبارەی لۆفەوە گوتی "رێزێکی زۆرم بۆ لۆف هەیە، نەک تەنیا لەبەر ئەو دەستکەوتانەی بەدەستیهێناون، بەڵکو لەبەر کەسایەتییە بەهێزەکەیشی، لە راستیدا ئەو بڕیارەکەی پێڕاگەیاندووین و دەرفەتی پێداوین بەدوای جێگرەوەیەکیدا بگەڕێین".