ریال مه‌درید زیاتر له‌ 3 خاڵی له‌ده‌ستدا

09-03-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مەدرید مارسێلۆ دیاز
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

ریال مه‌درید له‌ یاری به‌رامبه‌ر ریال بێتیس، بێجگه‌ له‌وه‌ی 3 خاڵی یارییه‌كه‌ و پێشه‌نگی لالیگای له‌ده‌ستچوو، دوو یاریزانیشی له‌ده‌ستدا.

له‌ یاری لووتكه‌ی گه‌ڕی 27ی لالیگادا ریال مه‌درید بووه‌ میوانی یانه‌ی ریال بێتیس و له‌ یارییه‌كی پڕ له‌ جۆش و خرۆشدا یانه‌كه‌ی ئه‌نده‌لوس شكستی به‌ مه‌دریدییه‌كان هێنا و به‌ 2 ـ 1 لێیبردنه‌وه‌.

بێجگه‌ له‌ دۆڕاندنی 3 خاڵی یارییه‌كه‌، كه‌ ریال مه‌درید به‌هۆیانه‌وه‌ ده‌یتوانی پێشه‌نگی لالیگا له‌ بارسێلۆنا وه‌ربگرێته‌وه‌، هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌كانیش گه‌یشتنه‌ ژووری جلگۆڕینی یانه‌كه‌، كه‌ پێكرانی دوو یاریزانیه‌تی.

رادیۆی كۆبیی ئیسپانی ئاشكرایكرد گۆڕینی مارسیلۆی به‌رازیلی له‌و یارییه‌دا له‌ لایه‌ن زینه‌دین زیدانی راهێنه‌ره‌وه‌ بڕیارێكی هونه‌ری نه‌بوو، به‌ڵكو به‌هۆی پێكرانی ئه‌ستێره‌ به‌رازیلییه‌كه‌وه‌ بوو.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ مارسیلۆ له‌ قاچی چه‌پی تووشی پێكان بووه‌ و ئه‌مڕۆ پشكنینی زیاتری بۆ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ماوه‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌ی دیاری بكرێت.

به‌پێی راپۆرته‌ رۆژنامه‌ڤانییه‌كانی ئیسپانیا، له‌وانه‌یه‌ مارسیلۆ به‌رامبه‌ر مانچێسته‌ر سیتی ئینگلیزی له‌ یاری گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگدا نه‌كات، كه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو له‌سه‌ر یاریگه‌ی ئیتیحاد له‌ شاری مانچێسته‌ر ئه‌نجام ده‌درێت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌رنامه‌ی ئیل چیرینگیتۆی ئیسپانی رایگه‌یاند "تیبوا كۆرتوای گۆڵپارێزی به‌لجیكی یانه‌ی ریال مه‌درید به‌ پێكانه‌وه‌ یاریگه‌ی جێهێشتووه‌، به‌ڵام نازانرێت پێكانه‌كه‌ی مه‌ترسیداره‌ یان نا".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە