پەیامی کۆتایی راهێنەری ئوردن بۆ یاریی کۆتایی
رووداو دیجیتاڵ
حوسێن عەموتە، راهێنەری هەڵبژاردەی ئوردن، ئامادەیی تیپەکەی بۆ یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، بەرامبەر هەڵبژاردەی قەتەر راگەیاند.
عەموتە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە ئەنجامدانی یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئێمە لە پێناو وەرگرتنی چێژ و دڵخۆشکردنی هاندەرانمان یاریی دەکەین."
راهێنەری هەڵبژاردەی ئوردن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "من خۆم بە کەس بەراورد ناکەم، من لێرەم بۆ ئەوەی ئەرکی خۆم جێبەجێبکەم، راهێنەری کۆچکردوو مەحموود جەوهەری شوێن پەنجەی لەسەر هەڵبژاردەی ئوردن دیارە، عەدنان حەمەدی هاوڕێشم بەهەمان شێوە."
عەموتە بە هەمووانی گوت "یاریزانەکانی ئوردن بەتەواوی بۆ یاریی کۆتایی جامی ئاسیا ئامادەن، کەس پێکانی نییە و هیچ کێشەیەکمان نییە."
راهێنەری سوارچاکەکانی ئوردن دەڵێت "هاندەران رۆڵێکی گەورە و کاریگەریان بینیووە، هیوادارم لە یاریی کۆتایی سبەیدا بەشێوەیەکی فراوان ئامادەبن."
حوسێن عەموتە، ستایشی کارکردنی قەتەر دەکات و گوتی "قەتەر کار گەورەی لە رووی وەبەرهێنان و پڕۆژەی وەرزشی گرنگ کردووە، لە ئەنجامی ئەوەدا عەنابی جامی ئاسیای رابردووی بردەوە و ئێستاش لە یاریی کۆتاییە."
لە کۆتایی قسەکانیدا حوسێن عەموتە، راهێنەری هەڵبژاردەی ئوردن لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی "گەیشتنی ئوردن بە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، ئەنجامی کارکردنی هونەری، جەستەیی و هزرییە، بەردەوام کە هەڵبژاردەیەک دەدۆڕێت هەندێک کەس دەچنە دەرەوە و راهێنەر بەرپرسیارەتییەکە هەڵدەگرێت، کاتێکیش سەرکەوتن بەدەستدەهێنیت دەڵێن بەهۆی رۆحیەتی تێکوشەرانەیە."
رۆژی شەممە کاژێر 18:00 لە یاریی کۆتایی جامی ئاسیادا، هەردوو هەڵبژاردەی ئوردن و قەتەر، لە یاریگەی لوسەیل رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی جامی ئاسیا دەکەن، قەتەر خاوەنی نازناوێکە و ئوردن یەکەمجارە دەگاتە یاریی کۆتایی.