مانچینی بڕیارێکی گرنگ لەبارەی هەڵبژاردەی سعودیەوە دەدات

09-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رۆبێرتۆ مانچینی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە، دوای ئەوەی هەڵبژاردەکەی لە جامی ئاسیا کرایە دەرەوە، ئامادەیە پێشوازی لە گەڕانەوەی ئەو یاریزانانە بکاتەوە کە بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە دوورخرانەوە.
 
بەر لە دەستپێکردنی رکابەرییەکانی جامی ئاسیا، کێشە کەوتە نێوان رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری هەڵبژاردەکە و 6 یاریزان، کە هەریەکە لە سەلمان فەرەج، نەواف عگێدی، سوڵتان غەنام، محەممەد مەران و خالد غانم بوون و ئەو یاریزانانە لە پێکهاتەی سعودیە دوورخرانەوە.
 
پێشتر وا بڵاوکرایەوە کە یاریزانەکان پابەندی بڕیارەکانی راهێنەر نەبوون و سەلمان فەرەج گوتوویەتی "تەنیا ئامادەم لە یارییە فەرمییەکاندا یاری بکەم"، بەڵام یاریزانەکە لەبەردەم بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی ئەم قسانەی رەتکردەوە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای سعودیە، رۆبێرتۆ مانچینی هیچ کێشەیەکی نییە بۆ ئەوەی ئەو یاریزانانە لە مانگی داهاتوودا پەیوەندی بە هەڵبژاردەکەوە بکەنەوە بۆ یارییکردن لە رکابەرییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیال.
 
هەڵبژاردەی سعودیە لە جامی ئاسیادا، ئەنجامەکانی وەک پێویست نەبوون، بۆ جاری دووەم لەسەریەک لە قۆناخی شازدە کرایە دەرەوە، ئەمجارەش بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە کۆریای باشوور دۆڕا، ئەمەش هاندەرانی هەڵبژاردەکەی نیگەرانکرد، لەکاتێکدا مانچینی مووچەکەی 28 ملیۆن دۆلارە و زۆرترین مووچە لەسەر ئاستی راهێنەرانی ئاسیا وەردەگرێت.
 
سعودیە خۆی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیال ئامادەدەکات، لە ئاداری داهاتوودا دوو یاریی لەسەریەک بەرامبەر هەڵبژاردەی تاجیکستان ئەنجامدەدات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە