رووداو دیجیتاڵ
هەڵوێستێکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەرامبەر هاندەرانی یانەی هیلال هەرا دەنێتەوە و هاندەرانی یانەکە داوا دەکەن، کارگێڕیی یانەکەیان سکاڵا لە دژی ئەو یاریزانە تۆماربکات.
شەوی پێنجشەممە لە یاریی کۆتایی جامی ریازدا، هەردوو یانەی هیلال و نەسڕ لەسەر یاریگەی کینگدەم ئارێنا رووبەڕووی یەکبوونەوە، هیلال یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و بووە پاڵەوان، کریستیانۆ رۆناڵدۆش لە یارییەکەدا ئاستێکی باشی پێشکێش نەکرد.
لە یارییەکەدا کریستیان رۆناڵدۆ چەندجارێک رووبەڕووی هاندەرانی هیلال بووەوە و وەڵامی قسەی هاندەرانی دەدایەوە و چەندجارێکیش لە دیمەنەکاندا بەو شێوەیە دەرکەوت.
ئەوەی هاندەرانی یانەی هیلالی زیاتر تووڕەکرد، ئەو هەڵسوکەوتە بوو کە لە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێشانیدا، کاتێک ئاڵایەکی یانەی هیلال لە کاتی چوونە دەرەوەی بۆی هەڵدرا و ئەویش ئاڵایەکەی خستە نێو شۆرتەکەی و دوای ئەوە هەڵیدایەوە.
ئەم کاردانەوەیەی رۆناڵدۆ ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هاندەرانی هیلال دژایەتی خۆیان بەرامبەر رۆناڵدۆ پێشاندەدەن و داوا لە کارگێڕیی یانەکەیان دەکەن، رێکاری یاسایی لە دژی یاریزانەکە بگرنە بەر و نابێت ئەمە قبوڵ بکرێت."
هاندەرێک لەبارەی ئەو هەڵسوکەوتەی رۆناڵدۆوە نووسیوویەتی "هەڵسوکەوتێکی نا ئەخلاقی کە شانشین تووڕە دەکات، ئەگەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیەش یاریزانەکە سزا نەدات، پێویستە کارگێڕیی هیلال رێکاری یاسایی بگرێتەبەر."
ئەم هەڵسوکەوتەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەکاتێکدایە، یاریزانەکە یەکەم یاریی بوو لە تەمەنی 39 ساڵیدا ئەنجامیبدات، بەڵام نازناوەکەی لەدەستدا و دۆڕا.
یانەی هیلال لە دوایین 9 یارییدا بەرامبەر یانەی نەسڕ، 6 جار لەو یانەیەی بردووەتەوە، تەنیا 2 جار دۆڕاوە و لە یارییەکیشدا هەردوو یانە یەکسانبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ