سوپەرلیگ دەگەڕێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

یانە داخوازەکانی سوپەرلیگ، هەوڵەکانیان دەستپێکردووەتەوە بۆ زیندووکردنەوەی پڕۆژەی پاڵەوانێتییە نوێیەکە کە بەهۆی بڕیارە تووندەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپاوە، راوەستابوون.
 
میدیای بەریتانیا ئەمڕۆ ئاشکرایانکردووە، ئەو سێ یانەیەی سەرپەرشتی سوپەرلیگ دەکەن کە پێکهاتوون لە ریال مەدرید، بارسێلۆنا و یوڤێنتوس، پێشنیازی نوێیان لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە داوەتە یانەکانی دیکە.
 
بەپێی ئەوەی ئاشکراکراوە، سوپەرلیگ بە سیستمێکی نوێ دەبێت، کۆی 60 تاوەکو 80 یانە بەشداریی تێدا دەکەن و پاڵەوانێتییەکە چەندین ئاستی جیاواز لە خۆ دەگرێت.
 
لە دەستکاریکردنەکانی سوپەرلیگدا، سیستمەکە بەشێوەیەکە کە هیچ یانەیەک ناتوانێ بەبەردەوامی بەشداری تێدا بکات، هەر یانەیەکیش لە وەرزێکدا لانیکەم چواردە یاری ئەنجامدەدات.
 
پڕۆژەی سوپەرلیگ لەلایەن بارسا، ریال مەدرید و یوڤێنتوسەوە پشتگیری دەکرێت، ئەو سێ یانەیە پێیانوایە شێوازی بەڕێوەچوونی چامپیۆنزلیگ کۆن بووە و دەبێ سیستم و پاڵەوانێتی نوێ بهێنرێتە ئاراوە، تاوەکو یانەکان بتوانن سەرچاوەی داهاتەکانی خۆیان زیاد بکەن.
 
پڕۆژەکە پێشتر خراوەتەڕوو، بەڵام رێوشوێنەکانی فیفا و یۆفا لە دژی، وایکرد زۆرینەی ئەو یانانەی لەسەرەتاوە لەگەڵ سوپەرلیگدا بوون، پاشەکشە بکەن و تەنیا ئەو سێ یانەیە لە گۆڕەپانەکەدا بمێننەوە کە چاوەڕێی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگا دەکەن لەبارەی پاڵەوانێتییەکەوە.
 
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، سەرپەرشتیارانی سوپەرلیگ، لە ماوەی رابردوودا پەیوەندییان بە 38 تاوەکو 40 یانەی ئەوروپییەوە کردووە تاوەکو بە پشتگیری پڕۆژەکە رازییان بکەن.