ڤیدیۆ؛ ئینتەرمیلان رۆمای لە جامی ئیتاڵیا دەرکرد

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئینتەرمیلان، پێشەنگی خولی ئیتاڵیا بەردەوامە لەسەر ئاست و ئەنجامە باشەکانی و ئەمجارەش لە جامی ئیتاڵیادا خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی، دوای ئەوەی لە رۆمای بردەوە.
 
یارییەکە لە قۆناخی هەشتی جامی ئیتاڵیا بوو، کە لەسەر یاریگەی سان سێرۆ بەڕێوەچوو، کە کوڕانی سیمۆنی ئینزاگی توانیان 2-0 لە کوڕانی جۆزێ مۆرینیۆ ببەنەوە.
 
ئێدین دزیکۆ تەنیا دوو خولەکی پێویست بوو، بۆ ئەوەی گۆڵێک لە یانەی پێشووی بکات و ئینتەرمیلان بە گۆڵێک پێشبخات.
 
دوای ئەو گۆڵە رۆما هەوڵیدا چەندجارێک هێرش بکاتە سەر گۆڵی ئینتەرمیلان، بەڵام ئەنجامی نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی یانەی خاوەن یاریگە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا هەردوولا دەستیان بە هێرشەکانیان کرد، بەڵام ئەمجارەش ئینتەرمیلان دەستپێشخەربوو، کە ئەلیکسێس سانچێز لە خولەکی 68 توانی گۆڵی دووەم بۆ ئیتنەرمیلان تۆمار بکات.
 
دوای ئەو گۆڵە هەموو گۆڕانکارییەکانی مۆرینیۆ و هەوڵەکانی یاریزانانی بێسوود بوون و ئینتەرمیلان دوو بە هیچ یارییەکەی بردەوە و گەیشتە چوارگۆشەی زێڕینی جامی ئیتاڵیا.

 

ئەمڕۆ یارییەکی دیکە لە قۆناخی هەشتەم دەکرێت و میلان لەسەر یاریگەی سانسێرۆ میوانداری لازیۆ دەکات و براوەکەی بلیتێکی دیکەی قۆناخی پێشکۆتایی وەردەگرێت.