ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید بە کێشەی زۆرەوە بەرامبەر خیتافی یارییدەکات

09-02-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
Goal
Goal
نیشانەکردن ریال مەدرید خیتافی
A+ A-

رووداو دیجیتال

ئەم یارییە ھی گەری یەکەمی لالیگایە، دواخراوە بەھۆی ئەوەی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا بوو، ئەم یارییە بۆ ریال ئەگەرچی بەرامبەر یانەیەک یارییدەکات لە پلەی سێزدەی ریزبەندییە و لە کۆی 21 یاری تەنیا 6 بردنەوەی ھەبووە، خیتافی لە 2012ـەوە 14 یاریی بەرامبەر ریال مەدرید ھیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و تەنیا یەکجار یەکسانبووە و 13 یاریی دۆراندووە، کەواتە ھەموو پێوەرەکان لە بەرژەوەندی ریال مەدریدن، تەنیا ئەوە نەبێت کە پێکھاتەی زیدان کێشەی زۆری ھەیە بەھۆی ئەوەی بەشێکی زۆری یاریزانەکانی یاریی ناکەن.

سێرخیۆ رامۆس، بەھۆی پێکانەوە نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت، کرووس بەھۆی راگیرانەوە، ھازارد، کارڤاخال، ڤاسکێز، ئۆدریۆزۆلا، ڤالڤێردی، رۆدریگۆ بەھۆی پێکانەوە یاریی ناکەن بەو ھۆیەوە زیدان پێنج یاریزانی لە تیپی دووەم سەرخستووە بۆ ئەوە ھیچ نەبێت لیستی یاریزانەکانی بۆ یارییەکە تەواوبکات، ئەمەش کێشەیەکی زۆر بۆ پێکھاتەی زیدان دروستدەکات کە زۆرینەی ئەوانەی یاریی ناکەن یاریزانی سەرەکین.

رامۆس کاریگەرترینیانە، بەتایبەت کە ئەو کاپتن و سەرکردەی یەکەمە جگە لە بەرگری دەتوانێت ھاوکاری ھێرشبەرەکان بکات بۆ پاڵەپەستوو خستنە سەر تیپی بەرامبەر، بەڵام زیدان نەک ئەمەی نییە بەڵکو کێشەی زۆریشی ھەیە نەک بۆ ئەوەی پاڵەپستوو دروستبکات، بەڵکو بۆ ئەوەی بەرگریش چارەسەرە بکات، کاریگەریی نەبوونی گرێبەستی نوێ لێرەدا دەردەکەوێت، ریال مەدرید لە مێرکاتۆدا بێدەنگ بوو، رۆژ لە دوای رۆژ کێشەکانی زیاتر بوون، بەڵام دەکرێت، ئامانجی ریال بۆ ئەم وەرزە تەنیا مانەوە بێت لەنێو رکابەری و گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ بەتایبەتیش کە جیاوازییەکی زۆریان ھەیە لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدریدی پێشەنگ.

بردنەوەی ئەم یارییە زیاتر لە سێ خاڵە بۆ لۆس بلانکۆس، بردنەوە ورەی تیپەکە تاڕاددەیەک بەرزدەکاتەوە بەتایبەت کە وردە وردە چامپیۆنزلیگ نزیکدەبێتەوە و ھاوکارێکی باشی زیدانیش دەبێت بۆ ئەوەی لە ئەگەری نەگەڕانەوەی یاریزانەکانی پێکھاتەیەکی گونجاو بۆ قۆناخی داھاتوو بدۆزێتەوە و تیپەکەی لەنێو رکابەری بھێڵێتەوە.

زۆر لە ھاندەرانی ریال لەگەڵ ھەر دۆڕانێک دوورخستنەوەی زیدان لەلایان پرسیاری سەرەکییە، بەڵام لەم بارودۆخەدا ھیچ راھێنەرێک ھێندەی زیدان ناتوانت ریال بەرێوەببات، ھیچ راھێنەرێک ھێندەی ئەو ناتوانێت لە کێشەکانی یانەکەی تێبگات، بەبێ بوونی ھیچ گرێبەستێک و بەم ھەموو پێکانەوە، جیا لەوەش ھیچ راھێنەرێک بەبێ مەرج ئامادەنییە لەم بارودۆخەدا ریال مەدرید وەربگرێت، بۆیە دەکرێت زیدان و پێرێز لەسەر ھێشتنەوەی ریال لەنێو رکابەرییەکاندا ئەگەر بردنەوەی نازناویش نەبێت رێککەوتبن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە