کۆنگرەی رۆژنامەڤانی وریا غەفووری و فەرهاد مەجیدی

رووداو-هەولێر 

هەریەکە لە وریا غەفووریی کاپتنی یانەی ئیستقلال و فەرهاد مەجیدیی راهێنەری یانەکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانیان دایەوە.

سەرەتا فەرهاد مەجیدی گوتی: ئیستقلال زۆربەی یاریزانەکانی لاون، هەندێک یاریزانیشمان هەیە کە خاوەنی ئەزموونن، ئەو ماوە کورتی کە بوومەتە راهێنەر ئاستێکی زۆر باشمان هەبووە و 15 گۆڵمان تۆمارکرد، لە ماوەیەکی کەمیشدا چوار یاریمان کردووە و تیپەکەشمان زۆر ماندووبووە.



لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیاییدا سەبارەت بە ناجێگیری ئاستی یانەکە لە خولی ئێرانیدا و ئاستبەرزییان لە یارییە کیشوەرییەکان، راهێنەری یانەی ئیستقلال وەڵامی دایەوە و گوتی: ئەگەر تیپ یەک دەست و یەک دڵبن، هیچ شتێک نایانەوستێنێت، ئێمەش یەک دەست و یەک دڵین و لە هیچ تیپێکیش ناترسین.

وریا غەفووری، کاپتنی یانەی ئیستقلال باسی راهێنەرەکەی کرد و گوتی: کاپتن فەرهاد مەجیدی ماوەیەکی کورتە بووەتە راهێنەری یانەکەمان و شوێن پەنجەی بە تیپەکەوە دیارە، بە تایبەت لە یارییەکانی رابردوو بەرامبەر بە یانەکانی ئەلرەیان و کوێتی کوێتی، چەند یارییەکیشمان لە خولی ئێرانی کرد، ئەمەش وایکرد کە چەند یاریزانێکمان تووشی پێکان بوون.



وریا غەفووری جارێکی دیکەی باسی لە دڵخۆشی خۆیکرد کە یەکەمجارییەتی دێتە شاری هەولێر و داواشی لە هاندەران و خەڵکی شاری هەولێر کرد کە پاڵپشتییان بکەن. 

سبەی یانەی شورتە بە درێسی سەوز یاری دەکات و یانەی ئیستقلال بە درێسی شینەوە یاری دەکەن.