کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ئەلێکساندەر ئیلیچ و سەعد ناتق

رووداو - هەولێر

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بەر لە یارییەکەی سبەی بەرامبەر یانەی ئیستقلالی ئێرانی ئامادەیی تیپەکەی بۆ یارییەکە راگەیاند.

ئالێکساندەر ئیلیچی راهێنەری یانەی شورتە لەگەڵ سەعد ناتقی بەرگریکەر بەشدارییان کرد، لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە ئاستی یانەکەی و کاریگەرییەکانی راوەستانی خولی نایابی عێراق لەسەر تیپەکەی گوتی : ئێمە خاوەنی چەند یاریزانێکی بەتواناین، دەتوانین لە یەکەم بەشداریکردنماندا خۆمان بسەلمێنین، راستە خولی عێراق ماوەیەکی زۆرە وەستاوە، کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ئاستی یاریزانەکانمان دروستکردووە، بەڵام بە هاوکاری هەمووان دەتوانین دڵی هاندەرانمان خۆشبکەین و ئەنجامی باش بەدەستبهێنین.



راهێنەرەکەی شورتە باسیشی لە یانەی ئیستقلال کرد: زانیاری باشم لەسەر کۆکردوونەتەوە، ئەوان تیپێکی زۆر باش و بەهێزن، هەوڵدەدەین رکابەرێکی بەهێزبین بۆیان.

لە پرسیارێکی دیکەی تۆڕی میدیایی رووداودا کە ئاڕاستەی سەعد ناتقی بەرگریکەری یانەی شورتە کرابوو، سەبارەت بە کاریگەری دۆڕانی تیپەکەیان لە جامی پاڵەوانەکانی عەرەب بە ئەنجامی 7-0 بە یانەی شەبابی سعودی لەسەر یارییەکە چۆن دەبێت؟ سەعد گوتی: هەموو یارییەک دۆخی تایبەتیی خۆی هەیە، ئێمە دەمانەوێ بەباشترین شێوە یاری بکەین، ئێستا لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا یاری دەکەین و پەڕەیەکی دیکەمان هەڵداوەتەوە.

رۆژی دووشەممە کاژێر 17:30 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری هەردوو یانەی شورتەی عێراقی و ئیستقلالی ئێرانی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەیەکدەگەن.