ڤیدیۆ؛ یانەی ئیستقلال رەخنەی تووند لە یاریگەی فرانسۆ هەریری دەگرێت

09-02-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
یاریگەی فرانسۆ هەریری
یاریگەی فرانسۆ هەریری
نیشانەکردن یاریگەی فرانسۆ هەریری
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی ئیستقلالی ئێرانی رەخنەی زۆر لە یاریگەی فەرانسۆ هەریری دەگرێت و بە یاریگەیەکی خراپ ناوی دەبات، بەر لە ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی شورتە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا.

محەممەد نورفەر، بەرپرسی راگەیاندنی یانە ئێرانییەکە لەنێو یاریگەی فەرانسۆ هەریری لە پەیامێکدا رەخنە لە چیمەنی یاریگەکە دەگرێت و دەڵێت، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بەهۆی باران بارینەوە رێگەیان نەداوە لەنێو یاریگەکەدا مەشق و راهێنان بکەین، بەهۆی ئەوەی لە دوێنووە بارانێکی زۆر باریووە و چاوەڕواندەکرێت سبەیش لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەدا پلەکانی گەرما زیاتر دابەزن، بۆیە بەناچاری لە یاریگەیەکی تەنیش یاریگەی سەرەکی راهێنانەکانمان کردووە.

بەرپرسی راگەیاندنی یانەکە دەڵێت، لیژنەی تەکنیکی یانەی ئیستقلال سەردانی یاریگەکەی کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە یاریگەکە لە دۆخێکی خراپدایە و بۆ یارییکردن نابێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا محەممەد نورفەر رایگەیاند، لەلایەن خەڵکی هەولێرەوە رێزی زۆریان لێگیراوە و پێشبینی دەکەن لە یارییەکەدا هاندەران پاڵپشتیان بکەن، هەروەها هیوای خواست سەرەرای خراپی یاریگەکە لە یارییەکەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

دەقی قسەکانی محەممە نورفەر، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی ئیستقلال

هاندەرانی خۆشەویستی ئیستقلال سڵاوتان لێبێت..ئێرە یاریگەی هەولێرە ئەو شوێنەی کە بڕیارە یاری نێوان ئیستقلال و شورتەی عێراق لە گەڕی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا تێیدا بەڕێوە بچێت.

بەداخەوە چەند کاژێر لەومەبەر بەرپرسانی فدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا پێیان راگەیاندنین کە ناتوانین لێرە راهێنان بکەین، چونکە لە دوێنێوە باران دەبارێت لێرە، بۆیە شورتە و ئیسقلال نەیانتوانی ئەمرۆ لێرە راهێنانەکانیان بکەن، ئەوان گوتیان کە یاریگاکە ئامادە دەکەن بۆ یارییەکەی سبەی.

یاریزانەکانمان ناچار بوون لە لە یاریگایەکی تەنیشت یاریگا سەرەکییەکە کە چیمەنی دەستکردە مەشقەکانیان زۆر سووک ئەنجام بدەن، چیمەنە سروشتییەکانی دیکە زۆر خراپ بوون و تاڕادەیەکی هەروەکو یاریگاکانی تاران وابوون، ئێستە کە لیژنەی تەکنیکی یانەی ئیستقلال هات و سەردانێکی چیمەنەکەی کرد بۆی دەرکەوت کە دۆخێکی زۆر خراپی هەیە و بۆ یاریکردن نابێت.

ئەم یاریگایە وەکو یاریگەی ئەمجەدییە یاخود یاریگەی دەسگێردی ئیکباتانی تارانە.

ئیستقلال هاتە هەولێر و لەلایەن هاندەرانییەوە پێشوازی لێکرا،  هەم ئەو ئێرانیانەی لە هەولێر دەمێننەوە و هەم خەڵکی هەولێریش زۆر رێزیان لێگرتین، پێشبینیش دەکەین سبەی لە یارییەکەدا زۆربەی هاندەران پشتگیری ئیستقلال بکەن.

لەم بارودۆخە کە قسەتان بۆ ئەکەم کەشێکی زۆر ساردە لێرە.. پێشبینی دەکرێت سبەیش پلەی گەرمی تا پلەی سفر دابەزێت، بەڵام لە بواری خزمەتگوزاری و پێشوازی دۆخەکە زۆر باش و گونجاوە، هیوادارین سەرەڕای دۆخی یاریگە و ئەو کەموکوڕیانەی لە یاریگاکەدا هەیە سبەی ئێمە لە یارییەکەدا سەربکەوین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە