دایکی رۆناڵدۆ لەپێناو ژیان دەجەنگێت

رووداو- هەولێر

دۆلۆرێس ئاڤیێرۆ، دایکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی، بۆ جاری دووەم تووشی شێرپەنجەبووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەساڵی 2007 جارێک لە نەخۆشییەکە رزگاری بوو.

رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی رایگەیاندووە، دایکی رۆناڵدۆ نەشتەرگەریی بۆ مەمکی چەپی لە مەدرید بۆ کراوە و کۆرسێكی چارەسەر بە تیشك وەردەگرێت. ئەمەش دوای ئەوەدێت لە ساڵی 2007 نەشتەرگەری بۆ مەمکی راستی کراوە. 

دایکی رۆناڵدۆ، دوای ئەوەی دەرکەوت تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە بە کەناڵێکی پۆرتوگالی راگەیاندووە، لەپێناو ژیاندا دەجەنگێت.

دۆلۆرێس ئێستا تەمەنی 64 ساڵە و چەندینجار لە بۆنە و رێورەسمە جیاوازەکاندا لەگەڵ کوڕەکەی دەرکەوتووە و پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەیە.

دایکی دۆن لە ساڵی 2007 جارێک تووشی شێرپەنجە بووە، بەڵام بەسەریدا سەرکەوتوو و چاک بووەوە، دوای ئەوەش رۆناڵدۆ 100 هەزار دۆلاریدایە نەخۆشخانەکەی دایکی لێ چارەسەر کرا، بۆ ئەوەی سەنتەرێكی تایبەتی شێرپەنجە دروستبکەن.