یانەیەکی پرێمەرلیگ دەیەوێت مۆرینیۆ لە دۆزەخی تورکیا دەربهینێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەیەکی پرێمەرلیگ بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بەنێوبانگی پۆرتوگالی دەکاتەوە و دەیەوێت ئەو راهێنەرە بگەڕێنێتەوە نێو رکابەرییەکانی تۆپی پێی ئینگلتەرا.
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی ئێڤێرتۆنی ئینگلیزی کاردەکات بۆ ئەوەی جۆزێ مۆرینیۆ رازی بکات، بگەڕێتەوە ئینگلتەرا و راهێنەرایەتی ئەو یانەیە وەربگرێت، بەتایبەت کە خاوەنی یانەکە بیر لە دوورخستنەوەی شۆن دایش، راهێنەری ئێستای تیپەکە دەکات.
ماڵپەری تۆک سپۆرت و رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی هەواڵەکەیان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن "تۆماس دان فریدکین، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی فریدکین دەیەوێت راهێنەری ئێستای یانەکەی دووربخاتەوە و لە شوێنی ئەو جۆزێ مۆرینیۆ بکاتە راهێنەری داهاتووی ئێڤێرتۆن."
ویستی خاوەنی یانەی ئێڤێرتۆن بۆ گەڕاندنەوەی مۆرینیۆ بۆ نێو رکابەرییەکانی پرێمەرلیگ لەکاتێکدایە، فریدکین خاوەنی یانەی رۆمای ئیتاڵیشە و وەرزی رابردوو مۆرینیۆ لە یانەکە دوورخستەوە، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە دەیەوێت لەگەڵ ئەو راهێنەرە کاربکاتەوە.
مۆرینیۆ لە یانەی فێنارباخچەی تورکییە و چەندینجارە هێرشدەکاتە سەر تۆپی پێی تورکیا و ناڕازییە، راهێنەرە پۆرتوگالییەکە بە ئاشکرا دەڵێت "لە تۆپی پێی تورکیا لایەنگرییەکی روون و ئاشکرا بۆ یانەیەکی دیاریکراو هەیە و ئەوەی لێرە هەیە لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە."
ئەم قسانەی جۆزێ لەبارەی تۆپی پێی تورکیاوە، ئەگەری هەیە ببێتە هۆکاری ئەوەی ئەو راهێنەرە خولی تورکیا بەجێبهێڵێت و بیر لە گەڕانەوە بۆ پرێمەرلیگ بکاتەوە.
لەگەڵ مۆرینیۆ، دەیڤد مۆیس، راهێنەری پێشووی یانەی ئێڤێرتۆنیش یەکێکی دیکەیە لە بەربژێرەکان بۆ ئەوەی راهێنەرایەتی ئەو یانەیە ئینگلیزییە وەربگرێت.