سەرۆکی دەستەی لالیگا: تەلەڤزیۆنی ریال مەدرید لە کوێیە؟
رووداو دیجیتاڵ
خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا، رەخنەی تووندی لە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیا گرت، بەهۆی رێگەدان بەتۆمارکردنی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر، لە لیستی یانەی بارسێلۆنا بۆ نیوەی دووەمی وەرزی ئەمساڵ.
دەستەی لالیگا، پێشتر تۆمارکردنی ناوی ئەو دوو یاریزانەی لە لیستی یانەکە بۆ نیوەی دووەمی وەرزی ئەمساڵ رەتکردبووەوە، بەڵام بارسێلۆنا پەنای بردە بەر ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیا و ئەنجوومەنەکە بڕیاریدا تاوەکو یەکلایی بوونەوەی دۆسێیەکە، رێگە بەتۆمارکردنی ئەو دوو یاریزانە بدات.
تێباس لە ئەکاونتی خۆی لە 'ئێکس' رازیبوونی ئەنجوومەنە ئیسپانییەکەی بە 'کۆمیدیایەکی تراژیدی' ناوبرد، دەڵێ، "لەماوەی رابردوودا، زۆر شت روودەدەن لەبارەی رێوشوێنە خۆپارێزییەکانەوە، کە مایەی سەرسوڕمانن".
تێباس، کاری ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیای بەتۆمارکردنی ئۆلمۆ و ڤیکتۆر بە "خاترگرتن"ی بارسێلۆنا ناوبردووە و دەڵێ ئەوەی کراوە دروست نییە.
سەرۆکی دەستەی لالیگا گومانی لەخێرایی ئەنجامدانی پڕۆسەی رێگەدان بەتۆمارکردنی ئەو دوو یاریزانەی یانە کەتەلۆنییەکە هەیە و دەڵێ، خێرایی پڕۆسەکە ناسرووشتییە و بڕیارەکە دراوە بەبێئەوەی گوێ لە بۆچوونی دەستەی لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بگیرێت، تاوەکو رای خۆیان بخەنە روو".
هەروەها دەڵێ، "ئەوەی کراوە، پشتگوێخستنی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنەکە و دادگاکانە لەبارەی هەمان دۆسێوە".
بەرپرسانی دۆسێیەکەی بەنەزان ناوبردووە و دەڵێ "ئەم بڕیارە رەنگدانەوەی ناشارەزاییەکی قووڵە، لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کارەکان و مۆڵەتدان بەیانەکان".
تێباس هەروەها دەڵێ، روونە کە ئەوەی بڕیاری لێدراوە، لە دژی ئەو بیانووە یاساییانەیە کە لە یاسای وەرزشدا هەن و بەپەسند دادەنرێن لە چاودێریکردنی ئابووریی لالیگا. ئەو چاودێرییەی بنەمای رزگارکردنی زۆر یانە بوو لە رووی مێژووییەوە لە مایەپووچبوون و دەستەبەرکردنی رکابەرییەکی خاوێن، لە دەرەوەی یاریگە.
خاڤیێر تێباس، هەروەها یانەی ریال مەدریدی تۆمەتبارکردووە بەوەی کە پشتگیری بارسێلۆنای کردووە لە دۆسێی تۆمارکردنی ناوی دوو یاریزانەکەیدا و دەڵێ، "سەرۆکی ئەنجوومەنەکە تەنیا گوێ لە یەک کەس دەگرێت، ئەویش نوێنەرایەتی تۆپی پێی ئیسپانیا ناکات. سەیرە ئەو تاکە کەسە هەموو کات چالاکە، کەچی "ئێستا بێدەنگیی هەڵبژاردووە، (مەبەست لێی پێرێزە)، ئەی کوا کەناڵی ریال مەدرید لە کوێیە، لەم دۆسێیەدا؟.