لاپۆرتا لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت و کۆمەڵێک قسەی نەشیاوی کرد، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا سکاڵای لەسەر تۆمار دەکات.
 
شەوی رابردوو، یانەی بارسێلۆنا بە ئەنجامی 2-0 لە یانەی ئاتلێتیک بیلباوی بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، بەڵام رووداوەکانی پێش یارییەکە گەرمتر بوون و هەرایان نایەوە.
 
دوای ئەوەی راگەیەندرا کە یانەی بارسێلۆنا دەتوانێت هەروو یاریزان دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر ناونووس بکات، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە لە ئاهەنگگێڕانێکی شێتانەدا کۆمەڵێک قسەی نەشیاوی کرد.
 
سەرچاوەیەکی ئیسپانی نزیک لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە رایگەیاند، لاپۆرتا لە شوێنی تایبەت بە کەسایەتییە گرنگەکان کاردانەوەی زۆری هەبوو ، باوەشی بە ئۆلمۆ و ڤیکتۆردا کرد و کۆنترۆڵی خۆی لەدەستدا و هاواریکرد "کوڕانی سۆزانی"
 
ئەو سەرچاوەیە دڵنیایی دەدات کە ئەم سووکایەتییانە بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا کرابوون.
 
ئیسحاق فۆتۆ، رۆژنامەنووسی ئیسپانی دەڵێت، لاپۆرتا تەنیا بەوە نەوەستا و سووکایەتی بە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی لالیگا کرد و هێرشی راستەوخۆی کردەسەر بەڕێوبەرانی دەستە هەرێمییەکان و بە "بێ شەرەف ناوی بردن"
 
لە کاتی ئەم رووداوانە، سەرۆکی فیدراسیۆنی ئیسپانیا لە بەشی کەسایەتییە گرنگەکانی یاریگە نەبوو، بەڵام کە گەیشت، پەیوەندی نێوان ئەو و لاپۆرتا خراپ بوو و توڕەییان پێوە دیار بوو.
 
ئەو رۆژنامەنووسە ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بەنیازە سکاڵا لەسەر لاپۆرتا تۆماربکات، ئەگەر سکاڵاکە سەرکەوتوو بێت، لاپۆرتا هاوشێوەی روبیالێس، سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە