یانەی کۆمۆ داهاتووی عەلی جاسمی یەکلایی کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی کۆمۆی ئیتاڵی سەبارەت بە داهاتووی ئەستێرەی عێراقی، عەلی جاسم هاتەدەنگ و بڕیاری یەکلاییکەرەوەی دا.
بەڕێوبەری وەرزشی یانەی کۆمۆی ئیتاڵی، کارلۆ ئەلبێرتۆ دەنگۆی رۆیشتنی عەلی جاسم پشتڕاستدەکاتەوە و رایدەگەنێت کە ئەو یاریزانە عێراقییە تا کۆتایی وەرز بە خواستن روو لە یانەیەکی هۆڵەندی دەکات، ئەلبێرتۆ لە لێدوانێکی تایبەتدا گوتی "راستە، عەلی جاسم نزیکە لە گواستنەوە بۆ ریزەکانی یانەی ئەلمیری سیتی هۆڵەندی، بەڵام با ببینین لە رۆژانی داهاتوودا چی روودەدات"
ئەو زیاد دەکات و دەڵێت "گواستنەوەکە بە شێوەی خواستن دەبێت تاوەکو کۆتایی وەرز و لە چەند رۆژی داهاتوودا یەکلایی دەبێتەوە"
عەلی جاسم، هاوینی ساڵی رابردوو لە یانەی کارەباوە رووی لە یانەی کۆمۆ کرد و پێشبینی ئاستیکی بەرزی لێدەکرا، بەڵام ئەو یاریزانە عێراقییە وەک پێویست هەلی پێنەدرا و زۆربەی یارییەکان لەسەر کورسی یەدەگ بوو.
عەلی لەم وەرزەدا لە خولی ئیتاڵی بەشداری لە دوو یاریدا کردووە، کۆی خولەکی یاریکردنی لەو خولە تەنیا 9 خولەکە و هیچ گۆڵێک یان ئەسیستێکی نەکردووە، بەڵام لە ساڵی 2024ەوە تاوەکو ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق 2 گۆڵ و 6 ئەسیستی کردووە.
گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەی کۆمۆ، ساڵی 2027 کۆتایی دێت و یانەکە رێگە بەوە نادات ئەو یاریزانە بە تەواوی ریزەکانی یانەکە جێبهێڵێت، بەڵام رێگە بەوە دەدات یاریزانەکە بە خواستن روو لە یانەیەکی دیکە بکات.