سەرۆکی ئاتلێتیک بیلباو هێرشی تووند دەکاتە سەر یاساکانی ئیسپانیا
رووداو دیجیتاڵ
جۆن ئاوریارتی، سەرۆکی یانەی ئاتلێتیک بیلباوی ئیسپانی، هێرشی تووندی کردە سەر بڕیاربەدەستانی وەرزش لە وڵاتەکەی، پاشئەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی وڵات، رەزامەندی پێشاندا بەتۆمارکردنی ناوی هەریەکە لە دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر، لە لیستی یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا.
ئێوارەی دوێنێ، ئەنجوومەنەکە رایگەیاند، رێگەی بەتۆمارکردنی ناوی ئەو دوو یاریزانە لە لیستی یاریزانانی بارسێلۆنا، بۆ نیوەی دووەمی وەرزی ئەمساڵ داوە و ئەوەش کاردانەوەی هەندێک لایەنی لێکەوتەوە.
جۆن ئاوریارتی، سەرۆکی یانە باسکییەکە، لەبارەی بڕیاری ئەنجوومەنەکەوە گوتی، "ئەگەرچی من زانیاریی زۆرم لەسەر وردەکارییەکان نییە، بەڵام پێدەچێ ئەوە رێوشوێنی کاتیی بن کە دەستەیەکی سیاسی گرتوویەتییە بەر".
ئۆلمۆ و ڤیکتۆر، پێشتر لەگەڵ شاندی بارسێلۆنا چووبوونە سعودیە، ئەو دوو یاریزانە دەتوانن لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، کە بارسێلۆنا بەرامبەر براوەی نێوان ریال مەدرید و ریال مایۆرکا ئەنجامیدەدات، بەشداری بکەن.
بارسێلۆنا دوێنێ شەو سەرکەوتنی بۆ یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا مسۆگەرکرد، پاشئەوەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە ئاتلێتیک بیلباوی بردەوە.
سەرۆکی بیلیباو دەڵێ، "ئێمە لە تەنیا هەشت رۆژی یەکەمی ساڵی نوێدا هەندێک شتمان بینی کە مرۆڤ ناتوانێ باوەڕیان پێ بکات. داوا لە یانەکان دەکرێت کاری زیاتر بکەن بۆ ئەوەی خولەکەمان بەهێزتربێت، تاوەکو بچینە وڵاتێکی دیکە و دووربین لە هاندەرەکانمان، بەڵام دوای ئەوە هەڵوێستی بێمانا دەبینین، ئەوە کارێکی بەدناوانەیە بۆ تۆپی پێی ئیسپانیا".
لە بەرامبەردا، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا وەڵامی سەرۆکی بیلباوی دایەوە و دڵخۆشیی خۆی بەبڕیارەکە دەربڕی، گوتی چەند رۆژێکی ناخۆشمان هەبوو، دڵخۆشم بەوەی مافەکەی خۆمان بەدەستهێنایەوە.
دیکۆ دەڵێ، "دەبێ ئاوریارتی خەمی خۆی و یانەکەی خۆی بێت و لێبگەڕێت بارسێلۆناش بژی، هەر یانەیەک کێشەی تایبەت بەخۆی هەیە".
بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا زیاتر دەڵێ، "ئەو بابەتانە بەدەست یاریزانان نییە، ئەوان بەهۆی بەردەوام بڵاوبوونەوەی هەواڵی جیاوازەوە هەست بەدڵەڕاوکە دەکەن و نازانن چەندە زێدەڕۆیی لەو کارانەدا دەکرێت".
هەروەها دەڵێ، "بێگومان ئازاربەخشە کاتێک دەبینی هاوکارێکت مەشقدەکات، بەڵام ناتوانێ بەشداری لە یارییەکاندا بکات، ئەوە ئازاربەخشە بۆ هەموو یاریزانان، ئێمە لە کۆتاییدا پێکەوە دەبین".
بەهۆی تۆمارنەکردنی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆرەوە، کارگێڕیی بارسێلۆنا لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە رەخنەی زۆری لێگیرا و هەندێک لە هاندەرانی ئەو یانەیە، داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی یانەکەیان کرد.