ئەگەری هەیە بارسا و ئاتلێتیکۆ بە تووندی سزابدرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا هەڕەشەیەکی گەورەی لەسەرە، دوای ئەو رووداوانەی لە نێوان فێران تۆرێس، هێرشبەری یانەکە و ستیڤاب ساڤیچ روویاندا.
 
لە یاریی شەوی یەکشەممەی نێوان هەردوو یانەدا، کە بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە، هەریەکە لە فێران تۆرێس، هێرشبەری بارسێلۆنا و ستیڤان ساڤیچ، بەتووندی بە گژ یەکدا چوونەوە و بەو هۆیەوە هەردوو یاریزانەکە بە کارتی سوور کرانە دەرەوە.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی دەڵێت " لیژنەی پێشبڕکێکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا هەردوو یاریزانەکە دوای ئەو رووداوانە سزادەدات."
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەگەر رووداوەکە بە دەستدرێژی پۆلێن بکرێت، دەکرێت یاریزانەکان سزایان لەنێوان 4 بۆ 12 یاری بێت.
 
ناوبژیوانی یارییەکە دوای کۆتاییهاتنی یاری راپۆرتی خۆی نووسیووە کە بەمشێوەیە بووە " لە خولەکی 90 یاریزانی ژمارە 11، فێران تۆرێس بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، چونکە بەردەوامبوو لە راکێشانی قژی یاریزانی بەرامبەر، هەروەها لە خولەکی 90 یاریزانی ژمارە 15، ستیڤان ساڤیچ بەکارتی سوور کرایە دەرەوە، بەهۆی ئەوەی دەستی بەسەر ملی یاریزانی بەرامبەردا گرت، بە بەکارهێنانی قوڵی و بەهێزێکی زۆرەوە.
 
بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و بە جیاوازیی 3 خاڵ پێش یانەی ریال مەدرید کەوت و ئێستا بە 41 خاڵ لە پێشەنگی لالیگایە.