"سەرۆکی فیفا هیچ بەڵێنێکی بە عێراق نەداوە"

 
رووداو دیجیتاڵ

جیانی ئینفاتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ( فیفا )، لە کاتی ئامادەبوونی لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی جامی کەنداوی 25 هیچ بەڵێنێکی بە عێراق نەداوە.
 
دکتۆر عەلی حەسناوی، رێکخەری میدیای بیانی لە جامی کەنداو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " بێگومان کێشە و شکست لە هەموو پاڵەوانێتییەکدا روودەدات، ئەوەی لە عێراق روویدا لە کوەیت و لە میسر و سعودیەش روویداوە و لە زۆر شوێن دووبارەبووەتەوە. هەندێک شتی پێشبینینەکراو هەیە کە روودەدات لە پاڵەوانێتییەکاندا و رێکخستنێکی کامڵ لە هیچ پاڵەوانێتییەکدا نییە، بەڵام سیاسەتی نوێ لەلایەن وەزارەتی نێوخۆ و وەزارەتی بەگرییەوە کە پشت بەستن بوو بە سیاسەتی نوێ، لە پێناو پێشاندانی عیراق بە روویەکی باشترەوە لە رووی رێکخستن بەراورد بەوەی کە بینرا."
 
حەسناوی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت " بێگومان نەدەبوو ئەو رووداوانە رووبدەن ئەگەر ئامادەکارییەکی راستەقینە هەبووایە کە ماوەی دوو یان سێ مانگ بوایە، بەڵام دواخستنی بڕیاردان لەبارەی ئەوەی عێراق میوانداری جامی کەنداو بکات، ئەوە وایکرد رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە دوا بکەون لە ئامادەسازییەکان و پێشاندانی باشترین ئامادەیی. لە راستیدا شاندەکان بەر لە هەفتەیەک گەیشتن و ئامادەسازییەکان بەر لە هەفتەیەک دەستیانپێکرد و ئەمەش ماوەیەکی باش نییە و من خۆم لە جامی جیهانیدا بەشداریمکردووە و ئامادەسازییەکان شەش مانگ بەر لە دەستپێکردنی جامی جیهانی دەستیان پێکرد."
 
لەبارەی ئەوەی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا لەکاتی ئامادەبوونی لە یاریی عێراق و عومان، هیچ بەڵێنێکی بە عێراقییەکان داوە، حەسناوی گوتی " لەلایەکی دیکەوە ئەوەی کە باسدەکرێت و لە زاری ئینفانتینۆوە دەگوترێت کە گوایە گوتوویەتی ئێستا ئیدی عێراق لە نێو کارنامەی فیفادایە بۆ رێکخستنی پاڵەوانێتییەکان، بێگومان ئەمە قسەیەکی ناڕاستە و ئینفانتینۆ باسی لە هەندێک خاڵی سەرەکی کرد و باسی لە رۆڵی عێراق کرد لە میوانداریکردنەکە و خۆی لە یاری کردنەوە لە نێوان عێراق و عومان بەشداربوو کە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و سوپاسی عیراقی کرد بۆ گیانە وەرزشییەکەی بۆ خولەکێک وەستان لەپێناو رێزلێنان لە گیانی پێلێ کە لە ماوەی رابردوودا گیانیلەدەستدا و گوتی ئێستا ئیدی کاتی ئەوە هاتووە عیراق بگەڕێتەوە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان و ئەم گەلە گەلێکە تۆپی پێی خۆشدەوێت و ئەو هیچی نەوت لەبارەی ئەوەی کە ئامادەیە میوانداریکردنی هیچ پاڵەوانێتییەکی فیفا بداتە عێراق بۆ ئەوەی میوانداری بکات."
 
سەرۆکی فیفا دوای ئامادەبوونی لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی جامی کەنداو لە پەیامێکدا گوتی " دڵخۆشم کە تۆپی پێی رکابەری گەڕاوەتەوە عێراق و وڵاتێکە خۆشەویستییەکی راستەقینەی بۆ تۆپی پێ هەیە و ئەوەی لە بەسرەش پێشاندرا بەڵگەیە بۆ ئەوە."