هەزاران هاندەر چاوەرێی یەکەم بردنەوەی عێراق دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی دڵخۆشکردنی هاندەرانی و تۆمارکردنی یەکەم بردنەوە لە جامی کەنداودا، بە ئامانجی دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە هیوای هەموو وڵاتەکەیە و دەیەوێت لە نێو خاکی خۆیدا رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە بکات، هەڵبژاردەی عێراق بەدوای یەکەم سێ خاڵدا دەگەڕێت، کاتێک بەرامبەر هەڵبژاردەی سعودیە یارییدەکات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکان و لە کۆمەڵەی یەکەمدا، هەڵبژاردەی عێراق، دوای ئەوەی لە یاریی کردنەوەی جامی کەنداودا، بەرامبەر عومان نەیتوانی بە ئاستێکی بەرزەوە دەربکەوێت و دوو خاڵی لەدەستدا، ئەمجارە بەرامبەر سعودیە یاریی دووەمی ئەنجامدەدات.
 
عێراق سەرجەم یاریزانەکانی ئامادەن، خیسوس کاساسی، راهێنەری هەڵبژاردەکە دەیەوێت بە شێوازێکی جیاوازتر لە یاریی یەکەم دەربکەوێت و یاریزانەکانیشی لەژێر هەموو ئەو گوشارە دەربهێنێت کە لە یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا لەسەریان بوو.
 
جگە لە بردنەوە هیچ هەنگاوێکی دیکە رێگەی عێراق بەرەو قۆناخی داهاتوو خۆشناکات، بۆیەش یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە چاویان لەوەیە سێ خاڵ بەدەستبهێنن و رکابەری لەسەر پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەیان بکەن.
 
ئەوەی لە سعودیەدا بۆ هەموو بەشدارانی جامی کەنداو سەرنجڕاکێش بوو، بەشداریکردنی هەڵبژاردەکەیە بە پێکهاتەی دووەمەوە، کە تەنانەت راهێنەرە سەرەکییەکەشیان بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکەدا نەکردووە.
 
سعودیە تاکە هەڵبژاردەی بەشدارە لە جامی کەنداوی 25 کە راهێنەرەکەی عەرەب بێت، ئەمە هاوکارێکی زۆر بەهێزی پەیوەندی نێوان سەعد شەهری و یاریزانەکانیەتی بۆ ئەوەی تیپەکە بەباشترین ئاستی خۆیەوە دەربکەوێت، ئەو یارییەی بەرامبەر یەمەنیش کردیان لە یاریی یەکەمدا، ئەوە دەردەخات کە سعودیە ئەگەر بە پێکهاتەی یەکەمیشەوە یاریی نەکات، چاوی هەر لە نازناوەکە و هەنگاونان بەرەو دوورترین شوێن دەبێت.
 
عێراق و سعودیە مێژووییەکی دوور و درێژیان لە جامی کەنداودا بەرامبەر یەکدی هەیە، لە 1976 لە کەنداوی 4 عێراق کاروانەکەی بەرامبەر سعودیە بە بردنەوەیەکی گەورە دەستپێکرد و 7-1 یارییەکەیان لێبردەوە، دوایین رووبەڕووبوونەوەشیان هەر لە بەرژەوەندی عێراق بووە لە کەنداوی 21 لە بەحرەین و یارییەکە بە 2-0 لە بەرژەوەندی عێراقییەکان کۆتاییهات، ئەمرۆش هەڵبژاردەکە دەیەوێت ئەو مێژووە دووبارەبکاتەوە و بە هەزاران هاندەری یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی بڵێت " فەرموون بە ئاهەنگەوە بگەڕێنەوە ماڵەکانتان."
 
یارییەکانی جامی کەنداوی 25 راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرتس لە فەیسبووک و پەیجی رووداو عەرەبیە، لە فەیسبووک بە هەردوو کۆمێنتاری کوردی و عەرەبی دەگوازرێنەوە.
 
یارییەکانی ئەمڕۆی جامی کەنداو