میلان بەشێوەیەکی کاتی گەیشتە پێشەنگی خولی ئیتاڵیا

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی میلان لە یاریی دەستپێکی گەڕی 21ـی سێریا ئەیدا 3 خاڵی گرنگی بەدەستهێنا و بەشێوەیەکی کاتی گەیشتە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکە.
 
میلان لەسەر یاریگەی لویجی پێنزۆ لە ڤێنیسیا بووە میوانی ڤێنێزیا و 3-1 لێیبردەوە.
 
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، ئەستێرەی سوێدیی یانەی میلان تەنیا 3 خولەکی پێویست بوو، بۆ ئەوەی رۆسۆنێری بە گۆڵێک پێشبخات.
 
نیوەی یەکەم سەرەڕای زۆریی هەولەکانی میلان، بە تاکە گۆڵی ئیبرا کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا تیۆ هێرناندێزیش تەنیا 3 خولەکی بەس بوو بۆ ئەوەی گۆڵی دووەم بۆ میلان تۆماربکات.
 
یانەی خاوەن یاریگە هەندێک هەوڵی نەزۆکی هەبوو بۆ گەیشتن بە گۆڵی میلان، بەڵام هیچی پێنەکرا، تاوەکو تیۆ هێرناندێز لە خولەکی 59 گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی تۆمارکرد.
 
یارییەکە بە ئەنجامی 3-0 بۆ بەرژەوەندی میلان کۆتاییهات و بەم سەرکەوتنە رۆسۆنێری ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 48 خاڵ و بەشێوەیەکی کاتی جێگەی ئینتەرمیلانی هاوشاری لە پێشەنگ گرت، کە ئەمەی دوایی 46 خاڵی هەیە، بەڵام دوو یاری کەمترە و ئەمشەو کاژێر 22:45 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی لوتکەی ئەم گەڕەدا میوانداری لازیۆ دەکات.
 
یانەی ڤێنێزیاش کە دووەم یارییە بەسەریەکەوە دەدۆڕێت و لە دوایین 7 یاریی سێریا ئەیدا هیچ سەرکەوتنێکی نییە، 5 دۆڕان و 2 یەکسانبوونی هەیە و بە 17 خاڵ لە پلەی 16ـی ریزبەندیدایە.