برۆنۆ فێرناندێز سەبارەت بە هەواڵی رۆیشتنی بۆ بارسێلۆنا: وامزانی یەکی نیسانە

09-01-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن برۆنۆ فێرناندێز بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

برۆنۆ فێرناندێز، یاریزانی پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، رەتیدەکاتەوە ویستبێتی بچێتە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و دەڵێت "کە هەواڵەکەم خوێندەوە وامزانی یەکی نیسانە".
 
برۆنۆ فێرناندێز، سەبارەت بە هەواڵی رۆیشتنی بۆ بارسێلۆنا، گوایە ئەو داوای لە بەرپرسانی بارسێلۆنا کردووە بیبەنە ریزەکانی یانەکەیان، قسەی کرد و دووپاتیکردەوە کە هەوڵەکە بێجگە لە درۆیەکی دیکەی رۆژنامەکان هیچ بنەمایەکی دیکەی نییە.
 
یاریزانە پۆرتوگالییەکە، گوتی "کاتێک ئەو هەواڵەم بیست، بیرم لەوە کردەوە کە یەکی نیسان بێت، هەرچەندە دەمزانی کە چەند رۆژێکە ساڵی نوێ دەستیپێکردووە".
 
ئەو یاریزانە زیاتر گوتی "ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی راستی نییە، تەنیا درۆیەکی دیکەی رۆژنامەگەرییە، بەداخەوە جارێکی دیکە رۆژنامەگەری سەلماندییەوە کە تەنیا بەدوای هەواڵی درۆدا دەگەڕێن".
 
کەناڵی سپۆرتی پۆرتوگالی، لە رێگەی ئینیستاگرامەکەی، بڵاویکردەوە کە بەڕێوەبەری کارەکانی برۆنۆ فێرناندێز لەم وەرزەدا یاریزانەکەی پێشکەشی بارسێلۆنا کردووە، بەڵام یانە کەتەلۆنییەکە توانای کڕینی نەبووە.
 
هەروەها هەمان سەرچاوە بڵاویکردبووەوە کە 17 یاریزانی یانەی مانچێستەر یونایتد دەیانەوێت لەو یانەیە بڕۆن، بەڵام دوای ئەوەی برۆنۆ بە توندی وەڵامی دانەوە، پۆستەکەی رەشکردەوە.
 
یانەی مانچێستەر یونایتد ئەم وەرزە لە پرێمەرلیگدا بە بارودۆخێکی باشدا تێپەڕ نابێت، کە تاوەکو ئێستا 31 خاڵی کۆکردووەتەوە، لە پلەی حەوتەمی ریزبەندییە و 22 خاڵ لە مانچێستەر سیتیی پێشەنگی ریزبەندیی خولەکە دوورە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە