هازارد: با ڤار نەمێنێت لەبەرئەوەی ستەم بەشێکە لە چێژی تۆپی پێ

09-01-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئیدین هازارد لیۆنێل مێسی ڤار
A+ A-

رووداو دیجیتال

ئیدین هازاردی یاریزانی بەلجیکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە کاتی ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی 30ـەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونیدا، هەڤپەیڤینێکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ رۆژنامەی مارکای ئیسپانیدا کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە.

هازارد لە وەڵامی پرسیارێکدا کە چ شتێک لە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی وەک دیاری رۆژی لەدایکبوونت وەردەگری؟ گوتی "قاچی چەپی مێسی لێوەردەگرم".

ئینجا کە هەمان پرسیار لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە لێیکرا؟ هازارد گوتی "تینوویەتی ئەو بۆ بردنەوە و بەدەستهێنانی نازناوەکان و ئارەزووی گۆڵ تۆمارکردن".

کاتێکیش لێیانپرسی، چی لە زینەدین زیدانی راهێنەرەکەت هەڵدەبژێریت؟، هازارد گوتی  کوالێتی ئەو وەک یاریزانێک، هەرچەندە توانای باشم هەیە، بەڵام زیدان کوالێتی باشتری هەبوو".

ئەگەر بەدەستت بێت چ شتێک لە یاری تۆپی پێ لادەبەی؟ ئەمە پرسیارێکی دیکە بوو کە مارکا ئاراستەی هازاردی کرد و ئەویش لە وەڵامدا گوتی "تەکنەلۆژیای ڤیدیۆ خۆشی و سۆزێکی زۆر لە تۆپی پێ دەدزێت، گۆڵ دەکەین و دواتر دەپرسین چی دەبێت، راستە ڤار زۆر هەڵەی نێو یارییەکان راستدەکاتەوە، بەڵام بێگومان ستەمیش بەشێکە لە چێژی تۆپی پێ".

هازارد سەبارەت بەوەی حەزیدەکرد هەلی ئەوەی بۆ رەخسابا شان بە شانی کام لە یاریزانەکان یاری کردبا؟ هازارد گوتی "ئەگەر لەگەڵ زیدان و هێنری دا یاریم نەکردبا، ناوی ئەوانم دەهێنا".

ئەستێرەی بەلجیکی لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتیشی "ئەو یاریزانەی پێشتر نەمبینیوە و حەزدەکەم یاری لەگەڵ بکەم خوان رۆمان ریکێلمی ئەرجەنتینییە، کە ئێستا یاری ناکات، من سەیری هەموو ڤیدیۆکانیم کردووە کاتێک منداڵ بووم، دەمەوێت رووبەڕوو بیبینم یان ئەگەر تەنیا قسەشی لەگەڵ بکەم، ئەوە زۆر جوان و باش دەبێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە