ئەمساڵیش مەسعود ئۆزێل باشترین یاریزانی ئەڵمانیایە

09-01-2014
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
A+ A-

رووداو – هەولێر

مەسعود ئۆزێل یاریزانی رەسەن كوردی یانەی ئارسیناڵ و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، بە باشترین یاریزانی 2013ی ئەڵمانیا دەستنیشانكرا و بۆ ساڵی سێیەم لەسەریەكە ئەو خەڵاتە دەباتەوە.

بەپێی راگەیاندراوی یەكێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا DFB، مەسعود ئۆزێل تەمەن 25 ساڵ، بە بەدەستهێنانی 30%ی دەنگی بەشداربووانی راپرسییەك، كە یەكێتییەكە سازیكردبوو، توانی پلەی یەكەم بەدەست بهێنێت و بە باشترین یاریزانی ساڵی 2013ی ئەڵمانیا هاتە دەستنیشانكردن.

ئەمەش ساڵی سێیەمی لەسەریەكە ئۆزێل ئەو نازناوە دەباتەوە و ئەمساڵ توانی بەپێش كاپتنی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا فیلیپ لام بكەوێت، كە ئەویش 17.54ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و لە پلەی سێیەمیشدا تۆماس مۆلەری یاریزانی بایرن و هەڵبژاردەی مانشافت هاتووە بە رێژەی 13.68% دەنگەكان.

لەلای خۆیەوە مەسعود ئۆزێل لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی یەكێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ عاشقانی تۆپی پێی ئەڵمانیا دەبڕی و
 گوتی: ئێستاش لە هەر یارییەكی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەشداریی دەكەم، هەست بە خۆشییەكی زۆر دەكەم و وادەزانم یەكەم یاریمە.

مەسعود ئۆزێل بەرەسەن كوردی باكووری كوردستانە، دەستپێكی وەرزشیی پیشەگەرانەی لە یانەی ڤێردەربرێمەنی ئەڵمانی بووە، پاشان روویكردە یانەی ریال مەدرید و ئێستا لە ئارسیناڵی لەندەنی یاریی دەكات، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا 52 یاری لەگەڵ مانشافتی ئەڵمانیا ئەنجامداوە و 17 گۆڵی تۆماركردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە