ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید بردییەوە و ئێمباپێ گۆڵی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید جارێکی دیکە جیاوازییەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا کەمکردەوە و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یانەی جیرۆنای بردەوە.
 
دوای یەکسانبوونی بارسێلۆنا بەرامبەر ریال بێتیس، ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی جیرۆنا بووەوە.
 
یارییەکە سەرەتا رکابەرییەکی بەهێزی لەنێوان هەردوو یانەدا بەخۆیەوە بینی و هەردوولا هەوڵی تۆمارکردنی گۆڵیان دەدا، بەڵام تاوەکو خولەکی 36 گۆڵکردن نەبینرا، جود بێلینگهام بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد.
 
نیوەی یەکەمی یارییەکە بەو گۆڵەی یاریزانە ئینگلیزییەکە کۆتاییهات.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا، ریال مەدرید گوشارەکانی بۆ سەر گۆڵی خاوەن یاریگە چڕتر کردەوە و لە خولەکی 55 ئاردا گولەر، گۆڵی دووەمی بۆ یانەی شاهانە تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 61 کیلیان ئێمباپێ، دوای ئەو رەخنە زۆرانەی لێیگران بە گۆڵێک وەڵامی دایەوە و ریال مەدریدی کردە خاوەنی سێ گۆڵ.
 
یارییەکە بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی یانەی ریال مەدرید کۆتاییهات، یانەکە بەم بردنەوەیە جیاوازییەکەی لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ بۆ دوو خاڵ کەمکردەوە و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوامبێت و لۆس بلانکۆس یارییە دواخراوەکەی بباتەوە، بەجیاوازی خاڵێک پێش بارسا دەکەوێت و دەچێتە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە.